دوێنێ لە وتارێک و بروسکەیەکدا لەسەر رزگارکردنی شەنگال، بارزانی بەهیچ جۆرێک باسی رۆڵی شەرڤانان و گەریلای نەکرد و سوپاسیشی نەکردن، سپی زانیاری ورد لەسەر نیگەرانی بارزانی لەو دوو هێزە بڵاو دەکاتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگاداری پەکەکە بە سپی راگەیاند " نیگەرانی بارزانی لە شەڕڤانان و گەریلاکان دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکی".
بەپێی ئەو زانیاریانە هۆکارێکیان لەوەدا کۆدەبێتەوە کە گەریلاو شەڕڤانان، لەساڵی پارەوە کە شەنگال لەلایەن چەکدارانی داعشەوە داگیرکراوە، ئەوان توانیویانە لەسەر چیای شەنگال نزیکەی ١٠٠٠ کەسی ئێزیدی لە رووی سەربازی و سیاسیەوە لە یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگالدا رێکبخەن و پێش دوو رۆژیش لە رزگارکردنی شەنگال نزیکەی ١٠٠٠ گەنج و کەسانی بەتەمەنی تری ئێزیدی پەیوەندیان کردووە بەو رێکخراوەو بەمەش یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال کە نزیکە لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە نزیکەی ٢٠٠٠ چەکداری ئێزیدیان رێکخستووە، کە ئەم واقیعە لەلایەن بارزانیەوە قبوڵ ناکرێت و مایەی نیگەرانییە بۆ پارتیش کە دەیان ساڵە شەنگال و ئێزیدیەکان بە لانکەی سیاسی و حیزبی خۆیان زانیووە.
سەرچاوەکەی سپی هۆکاری نیگەرانی دووەمی بارزانی بەرامبەر یەپەگەو گەریلا گەڕاندەوە بۆ ئەو رووداوانەی لە دووەم رۆژی رزگارکردنی شەنگالدا لەسەر زەوی روویدا، لە کاتێکدا پارتی چەندان مانگە خۆی ئامادە دەکات بۆ ئازادکردنی شەنگال، لەناکاو گەریلا و شەڕڤان و یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال دەستپێشخەری دەکەن و زۆربەی شوێنە گرنگ و ستراتیژەکانی شارەکە، سەرەتا لەلایەن ئەوانەوە ئازاد دەکرێت.
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە بارزانی هەست بەمەترسی لاوازبوونی دەسەڵاتی خۆی و پارتەکەی دەکات لەناو ئێزیدیەکاندا لە کاتێکدا لە دووەم رۆژی ئازادکردنی شەنگالدا گەریلاو شەڕڤانان دەچنە سایلۆی شارەکەو ئاسایشی شارەکەش و چەندین دەزگای تر ئەوان سەرەتا ئازادی دەکەن.
سەرچاوەکەی سپی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئێزیدیەکانی دوای رووداوەکەی پارو داگیرکردنی ناوچەکەیان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ئەو متمانەیەیان بە پارتی نەماوەو بارزانیش هەست بەو راستیە دەکات.