خوێندکارێکی کورد لە وڵاتی سوید دەخوێنێت توێژینەوەیەکی لەسەر مادە کیمیاییە زیانبەخشەکانی نێو قوماش و جلوبەرگ و چۆنێتی تێپەڕبوونیان بە پێستی مرۆڤدا کردووەو گەیشتۆتە چەند زانیارییەکی سەرەتایی گرنگ لەسەر ئەو زەرەرانەی جلوبەرگ پۆشین لە مرۆڤی دەدات.
ئاوات عەلی کە خوێندکاری ماستەرە لە وڵاتی سوید دەڵێت "لەنێو ئەو قوماش و جلوبەرگانەی لەنێو بازاڕەکانی ئەوروپادان و چەندین سامپڵمان لێ وەرگرتوون، لە نیوە زیاتریاندا مادەی کیمیایی زیانبەخش و شێرپەنجەییمان دۆزیتەوە. ئەو مادانە کاریگەریی ڕاستەخۆیان لەسەر تەندروستی مرۆڤ هەیە. تەنانەت لەنێو دە نمونەی دەمامکی قوماشدا کە بۆ خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرهەمهاتووە پێنجیان مادەیی شێرپەنجەییان تیادا بوو".
ئاوات عەلی کە میدیاکاریشە، بەڵام پسپۆری لەبواری کیمیایشدا هەیە دەڵێت" لە توێژینەوەکەماندا دوای پەرەپێدانی ڕێگاکانی دۆزینەوە و دەرهێنانی ئەو مادە کیمیاویانە (بۆیە زیانبەخشەکان و ئەرۆماتیک ئەماینەکان)، تاقیکردنەوەمان لەسەر ئەوە کردووە کە چۆن ئارەقکردنەوەی مرۆڤ دەبێتە هۆی دەرهێنانی ئەو ماددانە لەنێو قوماش و تێپەڕبونی بە پێستی مرۆڤ دا بۆ ناو جەستە. هەروەها کەڵکە بونی ئەو ماددانە لە پێستدا کە دەبێتە هۆکاری هەستیاریی و سوربونەوەی پێست."
لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت " لەتوێژینەوەکەماندا لەبری پێستی مرۆڤ، پێستی پیشەسازیمان بەکارهێناوە کە هاوشێوەی پێستی مرۆڤە و لەبری ئارەقی مرۆڤیش ئارەقی پیشەسازییمان بەکارهێناوە کە خۆمان لە تاقیگەدا دروستمان کردووە. ئەو ماددە کیمیاوییانەی بەپێی ڕێسا و یاساکانی ئەوروپا قەدەغەن، لەزۆرێک لە سامپڵەکاندا دۆزراونەتەوە، ئەوەشمان سەلماندووە کە سەرجەمیشییان توانای کەڵەکەبوون یان تێپەڕبونیان هەیە بەپێستی مرۆڤدا بۆ ناو جەستە".
ئاوات عەلی دەشڵێت" هەستیاریی و سوربونەوەی پێست بەهۆی قوماش و جلوبەرگەوە یەکێک لە نەخۆشییە باوەکانی پێست، بۆیە ئەم توێژینەوەیە یاریدەدەر دەبێت بۆ دامەزراوە ئەوروپییەکان یان لەهەر وڵاتێکی تر بۆ دەرکردنی ڕێسا و یاسای نوێ سەبارەت بە ڕێژە و جۆری مادە کیمیاوییەکان لەنێو جلوبەرگدا".
ئەو ئامۆژگاری هاوڵاتیان دەکات و دەڵێت " یەکێک لە خۆپارێزییەکان لە مادە کیمیاوییەکانی نێو جلوبەرگ کە لە زۆرینەی جلوبەرگ و قوماشەکاندا بونیان هەیە لە هەر وڵاتێک دروستکرابێت و لەهەر شوێنێک بفرۆشرێت، ئەوەیە کە بە تازەیی و دوای کڕینی یەک جار بشۆردرێت ئینجا لەبەر بکرێت. کەمتر بەکارهێنانی قوماشی پۆلی ئەستەر کە ڕێژە مادە زیانبەخشەکان تیایدا بەرزە و هۆکارێکیشە بۆ ئارەقکردنەوە بەتایبەتی لە وەرزی هاوین و گەرماندا".