لەبارەى چۆنیەتى خۆپارێزى لە تووشبوون بە تاى خوێنبەربوون هۆشداری دەدرێت

تەندرووستى سلێمانى لەبارەى قوربانیکردن و چۆنیەتى خۆپارێزی لە توشبوون بە نەخۆشی تاى خوێنبەربوون هۆشداری بە هاوڵاتییان دەدات و دەڵێت" پێویستە سەربڕینی ئاژەڵ لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە ڕێگە پێدراون". 

بەڕێوەبەرایەتى تەندروستى سلێمانى لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەمڕۆ یەکشەممە بڵاویکردەوە، بۆ دووربوون لە نەخۆشی تای خوێن بەربوون، پێوستە لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵ بۆ قوربانی ئەم ڕێنماییە زانستیانە جێ بەجێ بکرێت:- 

یەکەم- سەربڕینی ئاژەڵ پێویستە لەناو ئەو سەربڕینخانانەدا بێت کە ڕێگە پێدراون و پزیشکی ڤێنتەرنەی سەرپەرشتی دەکات.

دووەم– لە کاتی سەربڕینی ئاژەڵدا وە کەوڵکردن یان پارچە پارچەکردنی گۆشتەکەیدا پۆشینی جل و بەرگی خۆپارێزی وك (دەستکێش، جزمە، سەدریەی  پلاستیك، ماسکی دەمووچاو) پێویستە لەبەرکرێن.

سێیەم-  نابێت خانەوادە یان خەڵک کۆببنەوە لەچواردەوری سەربڕەکە (قەساب) وە نابێت هاوکاری بکەن لەکاتی سەربڕینی ئاژەڵ و پارچە پارچە کردنی گۆشت.

چوارەم-  بەبێ دەستکێش مامەڵە کردن لەگەڵ جەستەی ئاژەڵی سەربڕاو مەکە و دوای پۆشینی دەستکێش و کەلوپەلی خۆپارێزی گۆشتەکە پارچە پارچە بکە و پاشان دەستت بەباشی بشۆ.

پێنجەم- لابردنی پاشماوەی ئاژەڵە سەربڕاوەکان ودانانی کیسی داخراو فڕێدانی بۆشوێنی تایبەت.

شەشەم- بەکارهێنانی چەقۆ و تەختەی پارچە پارچەکردنی تایبەت بە گۆشت و شتن و پاکژکردنەوەی تەختە و چەقۆکان دوای بەکارهێنان.

حەوتەم- پاککردنەوەی ئەو شوێنەی ئاژەڵەکەی لێ سەردەبڕێت و بەتایبەت ئەوشوێنانەی خوێنی لێیە بە ماددەی کلۆریین (بلیچ- موعجیزە)  ڕوونکراوە.

هەشتەم – باشتر وايە گۆشت ماوەى ( ١٢ بۆ ٢٤ ) كاتژمێر لەناو سارد کەرەوە هەڵبگيرێت پاشان بەكاربهێنريت، بەڵام گۆشتی کوڵاو هیچ کێشەی نییە و سەلامەتە و نابێتە هۆی توشبوون بە نەخۆشی تای خوێن بەربوون.

نۆیەم-  ئەگەر ئاژەڵ گەنەيان هەبوو باشتر وايە نەیكريت يان سەری نەبڕیت بۆ دوربوون لە نەخۆشى تاى خوين بەرببوون.

ئەم نەخۆشییە لە نێوان ئاژەڵەکان دەگوازرێتەوە، وە بۆ مرۆڤیش، بەهۆی گەنە کە لەسەر ئاژەڵەکان دەژین و بەهۆی خوێن و گۆشتی ئاژەڵەکەوە.



PM:10:01:16/06/2024