‌چه‌ند ڕێنماییه‌ك بۆ ئەو كه‌سانه‌ی‌ نایانه‌وێت لە جەژندا شیرینی بخۆن

د. یوسف خەتێ‌ پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و شەكرە و هۆرمۆنەكان لە نوسینێکدا ژمارەیەک ڕێنمایی تایبەت بەو کەسانە بڵاوکردەوە کە نایانەوێت لە ڕۆژانی جەژندا شیرینی بخۆین. 

د. یوسف خەتێ‌ پزیشكی پسپۆڕی هەناوی و شەكرە و هۆرمۆنەكان لە نوسینەکەیدا کە لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە دەپرسێت، ئەگەر کێشی لەشت زۆرە و ناتەوێت شیرینی بخۆیت، ئەگەر شەکرەت هەیە و ناتەوێت شیرینی بخۆیت، ئەگەر دەتەوێت خۆپارێزی و پێشگیری بکەیت لە نەخۆشیە درێژخایەنەکان بۆیە ناتەوێت شیرینی بخۆیت، ئەوا چەند چارەسەرێک هەیە بۆ ئەم مەسەلەیە لەوانە:- 

- دەتوانیت ڕۆژانە چوار پێنج دانە خورما بخۆیت لە جۆری شیرین و تەڕ لە جیاتی چوکلێت و نوقڵ.

- دەتوانیت بە قەد چەند دانە خورمایەک میوەی وشک (مێوژ، هەنجیر، قەیسی،) بخۆیت لە جیاتی شیرینیە دەستکردەکان.

- دەتوانیت لە ڕۆژێکدا چەند دانە قاوەیەکی تایبەت بخۆیت کە (کەکاو) یان تێدایە و نەختێک تاڵن وە باشترە لە شیرینیەکانی دیکە.

- دەتوانیت کەمێک میوە بخۆیت لە هەر جۆرێک، ئەگەر شیرینیش بێت بەو مەرجەی زێدەڕۆی تێدا نەکەیت.

- دەتوانیت خورما و مێوژ و شەکری ستیڤیا بۆ چایە و قاوە بەکار بێنیت.

- پێویستە بزانین کە شیرینی هەمووی زیانبەخش و قەدەغە نیە لە ڕووی تەندروستیەوە، بەڵام هەتا زیاتر دەستکرد و بە پیشەسازی کراو بێت زیانی زۆرترە، بە نمونە ئەگەر شەکری قەند کوڵاوە بێت زیانی زیاترە لە قەندی ئاسایی، چونکە گەرمکردن و کوڵاندن ماددەی زیانبەخشی تیادا دروست دەکات.

- بە پڕۆسەکردن لە شەکر تێکردن، لە گەرمکردن و لە تێکردنی مەوادی پارێزەر (حافیزە) هەمووی خواردنەکان زیانبەخشتر دەکات، بە پڕۆسەکردنی فۆلکلۆریش هەروایە، دۆشاوێک بە پلەیەکی زۆر بەرزی گەرمیدا تێدەپەڕێنرێت هەتا دروست دەکرێت، یان کولیچە لە پێکهاتە ئاردی سفر و کەم ڕیشاڵ و شەکر و ڕۆنێکی نادیار دروست دەکرێت و لەناو فڕنی سور دەکرێتەوە زیانی زیاترە لە نانێک کە بەرهەمی گەنمێکی سروشتی بێت و زیاد نەبرژابێت.

- لەسەر ئاستی بازرگانی و پیشەسازیش، پێویستە هەوڵ بدرێت لەو خواردنە تەندروستیانە زیاتر بخرێنە بازاڕەوە و دروست بکرێن و ڕۆشنبیری خۆراکی تەندروست زیاتر بڵاوبکرێتەوە و پیادە بکرێت، ئەگەر سەرمایەدار بیر لەوە بکاتەوە خواردنێک یان ماددەیەک بخاتە بازاڕەوە کە زیانی تەندروستی نەبێت و بگرە سودی هەبێت ئەوا ویژدانی ئاسودە دەبێت، خەڵک ئێستا وشیارترە و لەوانەیە زۆریان بە دوای بەرهەمی تەندروستی و بێ زیاندا بگەڕێن، بۆیە ڕەنگە بازاڕی باش هەبێت بۆ بەرهەمی سروشتی و خۆماڵی.

- بە تایبەتیش پێویستە ئاگاداری خواردنی مناڵەکانمان بین لەڕووی تەندروستیەوە، چونکە مناڵ زۆر حەزی لە شیرینیە و ڕێ لێگرتنی زەحمەتە، ئێستا قەڵەوی و نەخۆشیە درێژخایەنەکان گرفتی مناڵانن، نەک تەنیا گەورە بەڵکو مناڵ زۆر شەکرەیان هەیە، گەنج زەختیان هەیە، قەڵەوی خەریکە هێرش دێنێت، بۆ مناڵان پێویستە ژینگەی خواردن تەندروست بێت، ماڵ، ناو سەلاجە، سەر سفرە و سەر کەوەنتەر وا باشە تەنیا میوە و خواردنی تەندروستی لێ بێت.


PM:11:19:16/06/2024