زیانەکانی خواردنی ساردەمەنی بۆ منداڵان

پزیشکێکی پسپۆڕی زانستی خۆراک لەبارەی زۆر خواردنی ساردەمەنی بۆ منداڵان لە وەرزی هاویندا دەڵێت" دەبێتە هۆی لاوازی کۆئەندامی بەرگری لەش". 

دکتۆر کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە" ئایسکرێم، دۆندرمە و ساردەمەنییەکانی تر یەکێکن لەو خواردنانەی کە لە کۆتایی وەرزی بەهار و بە تایبەت لە هاویندا خواستێکی زۆریان لەسەرە، منداڵ و گەورە ڕەنگە ڕۆژانە بیخۆن و بە تام و چێژی جیاواز و ڕەنگ و شێوازی هەمەجۆر هەیە". 

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆر خواردنی ساردەمەنی یان ڕۆژانە یان بە بڕێکی زۆر زیانی هەیە بۆ تەندروستی منداڵ کە بەگوێرەی جۆرەکانیان دەگۆڕێت و گرنگترینیان ئەمانەن، زۆری کێش و قەڵەوی، چونکە بڕێکی زۆر کالۆری تێدایە، لاوازی کۆئەندامی بەرگری لەش.

ئەوەشی خستەڕوو، ژەهراوی بوون بە بەکتریا و ڤایرۆس کە لە ڕێگای ساردەمەنی سەردانە پۆشراوەوە دەگۆزارێتەوە، لە نیشانەکانی سک چوون، ڕشانەوە، ئازاری ناوسک، زیادبوونی ئەگەری هەوکردنی قوڕگ و لەوزەتێنەکان، زیادبوونی ئەگەری کلۆربوونی ددان و هەوکردنی پووک. 

ئاماژە بەوەشدەکات، دەرکەوتنی نیشانەکانی حەساسیەت بە شیر یان هەرسنەکردنی لاکتۆز لەو کەسانەی خۆیان ئەو کێشە تەندروستیەیان هەیە کاتێ ساردەمەنیەکە شیر یان لاکتۆز لە پێکهاتووەکەیدا هەبێت، سەرئێشەی دوای ئاسکریم و ساردەمەنی، ڕەنگە لە هەندێک کەسدا ڕووبدات.

ئەو پزیشکە پسپۆڕە هۆشداری بە دایکان و باوکان دەدات و دەڵێت" پێویستە ساردەمەنی بە هیچ شێوەیەک نەدرێت بە مناڵی خوار یەک ساڵ، پێویستە لە بری ساردەمەنی بیر لە بژاردەی دیکە بکرێتەوە بۆ منداڵ و گەورە، وەک: شەربەتی مێوەی فرێش لە ماڵەوە ئامادە بکرێت و بخرێتە فریزەرەوە لە ناو قاڵبی جیاواز لەگەڵ کەمێک تامی ڤانێلا یان شکۆلاتە و دواتر پێان بدرێت یان وەک شێوەی ئەزەبرێت بخورێت، باشترە شەربەتەکە بەتڵپە و ڕیشاڵی میوەکەوە بخرێتە فرێزەرەوە". 

باسی لەوەشکردووە، میوە قاش بکرێت و بەشێوەی جوان و سەرنجڕاکێش بخرێتە فرێزەرەوە و بە بەستووی بدرێت بە منداڵ، تا درەگتر ساردەمەنی بدرێت بە مناڵ باشترە و نابێت بە بڕێکی زۆر و بە عەلاگەی گەورە برێتە ماڵەوە.


PM:02:20:29/06/2024