تەندروستی جیهانی لەبارەی ڤایرۆسی کۆرۆناوە هۆشداری دەدات

سەرۆکی رێكخراوی تەندروستی جیهانی داوا دەکات ئەو کەسانەی تەمەنیان ٦٠ ساڵ بەسەرەوەیە، ڤاکسینی کۆرۆنا وەربگرن. 

تیدرۆس ئەدهانۆم گیبریسۆس سەرۆکی رێكخراوی تەندروستی جیهانی، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هەفتانە لە سەرانسەری جیهاندا نزیکەی ١ هەزار و ٧٠٠ کەس، بەهۆی نەخۆشی کۆرۆناوە (کۆڤید-١٩) گیان لەدەستدەدەن". 

سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداری بە هاوڵاتیانیش دەدات و دەڵێت" پێویستە خەڵک ڤاکسینی (کۆڤید-١٩) وەربگرن ئەگەرنا ژمارەکە بەرزتردەبێتەوە". 

ئاماژەی بەوەشکرد، داتاکان دەریدەخەن ئەوانەی لە نەخۆشخانە کاردەکەن و ئەو کەسانەشی تەمەنیان لەسەروو ٦٠ ساڵەوەیە، ڤاکیسینی دژە کۆرۆنایان وەرنەگرتووە کە ئەوانیش لەو گرووپانەن زیاتر مەترسی تووشبوونیان لەسەرە. 

هەروەها سەرۆکی ڕێکخراوەکە پێشنیازی کرد ئەو کەسانەی سەر بەو دوو گروپەن دوای تێپەڕبوونی (١٢) مانگ لە دوایین وەرگرتنی ژەمە ڤاکسینیان، جارێکی دیکە قورچکێکی دیکەی ڤاکسین وەربگرنەوە. 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕۆژی ٥ی ئایاری ٢٠٢٣ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا كۆتاییهاتنی ڤایرۆسی كۆرۆنای ڕاگەیاند كە ماوەی زیاتر لە سێ ساڵ بە جیهاندا بڵاوبووەوە، بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوەکەش ڤایرۆسەکە بووە هۆی گیان لەدەستدانی حەوت ملیۆن كەس، بەڵام شارەزایانی بواری تەندروستی ئاماژە بەوەدەکەن کە ژمارەکە زۆر زیاترە.


PM:05:05:12/07/2024