لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا هۆشداری دەدرێت

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کۆلێرا ڕایدەگەیەنێت" ژمارەیەك نەخۆش لە نەخۆشخانە خەوێندراون كە ئەگەری ئەوەیان هەیە نەخۆشی كۆلێرایان هەبێت". 

د. سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ڕایگەیاندووە" خۆتان لە خواردنی سەوزە بپارێزن، چونكە ژمارەیەك نەخۆش لە سلێمانی لە نەخۆشخانە خەوێندراون كە ئەگەری ئەوەیان هەیە نەخۆشی كۆلێرایان هەبێت".

دەشڵێت" ئەوەی پێویستە هاوڵاتییان خەمی لێبخۆن لە ئێستادا نەخۆشی كۆلێرایە، بەهۆی ئەوەی چەند حاڵەتێك لە نەخۆشخانە خەوێندراون كە ئێمە گومانی كۆلێرایان لێدەكەین، چاوەڕوانی دەرچوونی ئەنجامەكانین لە بەغداوە بگەڕێنەوە". 

بەرێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی داوا لە هاوڵاتییان دەکات کە" بە هیچ جۆرێك ئەو سەرچاوەی ئاوانە بەكارنەهێنن كە لەلایەن قائیمقامییەتەوە رێگاپێنەدراوە". 

ڕاشیگەیاندووە" تكا لە هاوڵاتییان دەكەین، ئەم ماوەیە سەوزە نەخۆن، چونكە پشكنینمان كردووە و دەركەوتووە ئەو سەوزەیەی لە بازاڕەكان و ماركێتەكان هەیە زۆرینەیان بە ئاوی قورس ئاودراون و بۆ خواردن شیاونین". 


AM:09:14:23/08/2024