قەلەقی و دڵەڕاوکێ و سترێسی بەردەوام کاریگەری زۆری هەیە لەسەر کێشی مرۆڤ، بەڵام لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەرئەنجامەکەی دەگۆڕێت بەگوێرەی ئیشتهای خواردن و پێکهاتووی جەستە و کێش و باڵای مرۆڤەکە و هۆکاری بۆماوەیی و کاردانەوە و شێوازی مامەڵەکردن و بیرکردنەوەیان لەگەل بارودۆخ و دەوروبەری ئەو مرۆڤە.
بە ڕوونی سترێس و دڵەڕاوکێ دەبێتە هۆی دابەزینی کێشی لەش و لاوازی لەو کەسانەی کێشیان کەمە، بەڵام دەبێتە هۆی زیادبوونی کێش لەو کەسانەی کۆمەڵێک کێشەی تێکچوونی خۆراکیان هەیە و بۆ کەمکردنەوە یا ڕاکردن لە قەلەقی پەنا دەبنە بەر خواردن.
لە کاتی دڵەڕاوکێ و سترێس یەکەم جار هۆرمۆنی ئەدریناڵین دەرڕێژرێت کە دەبێتە بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسولین و لێدانی زیاتری دڵ، دوای دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی ئەدرینالین، هۆرمۆنی کۆرتێزوڵ دەرێژرێت کە هانی زۆرتر بەرزبوونەوەی ئاستی ئەنسۆلین دەدات کە دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی شەکرە لە خوێن و حەزێکی زۆر بۆ خواردنی شیرنی لە هەمانکاتدا کەمکردنەوەی ڕێژەی سووتانی چەوری لە ناو لەشدا، بۆیە دەبێتە هۆی زۆری کێش و قەڵەوی لەو کەسانەی ئێشتهایان زۆرە یاخود کێشەی زۆر خۆریان هەیە کە باوترینیان چوار جۆرن.
بەڵام لە کەسانی لاوازدا بەرزی ئەدرینالین دەبێتە هۆی بەزەحمەت قوتدانی خواردن و گرژبوونی ماسولکەکانی گەددە و دڵ تێکهەڵهاتن، هەروەها تێکچوونی ڕێڕەوی (H-P-A-A) لە ناو جەستە کە بەرپرسیارە لە ڕێژە و کارکردی کۆمەڵێک هۆرمۆنی گرنگ.
کۆتا خاڵ کۆمەڵێک کە تووشی دڵەڕاوکێ دەبێت، تاقەتی خواردنی نیە بەشێکی بەرچاویش کە قەلەق دەبن زیاتر دەخۆن.
شێوازی چارەسەرکردنی تایبەت بە کێشی مرۆڤ لە کاتی سترێس و قەلەقی لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر دەگۆڕێت و هەر یەکەیان پێویستی بە بەرنامەی خواردنی تایبەت بە خۆی هەیە، لەگەڵ گۆرینی ستایل و شێوازی ژیان و کاتی نوستن.
ئامادەکردنی
د. کامەران ڕەسوڵ ژاژڵەیی
پزیشکی پسپۆڕی زانستی خۆراک