باشترین دەستپێک بۆ شکاندنی ڕۆژوو چییە؟

پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەکەنەوە کە باشترین شێواز بۆ شکاندنی ڕۆژوو دەستپێکردنە بە خورما و ئاو، چونکە خورما سەرچاوەیەکی خێرای شەکرە سروشتییەکانە و وزە بۆ جەستە دەگەڕێنێتەوە و ئاویش ڕێگری لە وشکبوونەوە دەکات، هەروەها وا باشە دوای خواردنی خورما ماوەیەکی کورت پشوو بدرێت و پاشان دەست بە خواردنی ژەمی سەرەکی بکرێت بۆ ئەوەی کۆئەندامی هەرس تووشی شۆک نەبێت.

 پێویستە ژەمی ئفتار هاوسەنگ بێت و سەرەتا بە شۆربایەکی گەرم دەست پێ بکات بۆ ئامادەکردنی گەدە، پاشان زەڵاتە و سەوزەوات بخورێت بۆ دابینکردنی ڕیشاڵەکان، دواتر بڕێکی مامناوەند لە پرۆتین و کاربۆهیدراتی تەندروست بخورێت و دوورکەوتنەوە لە خواردنی چەور و سوورکراوە و شیرینی زۆر زۆر گرنگە بۆ ئەوەی مرۆڤ دوای نانخواردن تووشی تەمەڵی و کێشەی هەرس نەبێت.

ڕۆژووگرتن پرۆسەیەکی سروشتییە بۆ پاککردنەوەی جەستە لە ژەهرەکان و ڕێکوپێککردنەوەی ئاستی شەکر و کۆلیستڕۆڵ لە خوێندا، هەروەها یارمەتی دابەزاندنی کێش دەدات و پشوو بە کۆئەندامی هەرس دەبەخشێت، جەستە لەم ماوەیەدا دەست دەکات بە نوێکردنەوەی خانەکان و بەهێزکردنی کۆئەندامی بەرگری، ئەمەش وەک جۆرێک لە "چاککردنەوەی ساڵانە" بۆ ئەندامەکانی ناوەوەی مرۆڤ هەژمار دەکرێت.

 جگە لە سوودە جەستەییەکان، ڕۆژووگرتن کاریگەری ئەرێنی گەورەی لەسەر تەندروستی دەروونی هەیە و دەبێتە هۆی زیادبوونی تەرکیز و بەهێزبوونی ئیرادەی مرۆڤ، توێژینەوەکان دەریانخستووە کە ڕۆژووگرتن دەبێتە هۆی دەردانی هەندێک هۆرمۆن کە مێشک لە نەخۆشییەکان دەپارێزن و هەستی ئارامی و دڵنیایی بە مرۆڤ دەبەخشن، بەمەش هاوسەنگییەک لە نێوان ڕۆح و جەستەدا دروست دەبێت.


 




PM:04:19:27/02/2026