ژنە زانایەکی کورد نهێنییەکانی مەترسیدارترین وەرەمەکانی مێشک ئاشکرا دەکات

‌دکتۆر ئارەزوو جیهانی-ئەسڵ

دکتۆر ئارەزوو جیهانی-ئەسڵ، وەک یەکێک لە دیارترین ناوە کوردەکان لە بواری زانستی دەمار و وەرەمە دەمارییەکان لە ئاستی جیهاندا دەناسرێت، کە توانیویەتی ئەزموونی پەنابەری و مەینەتییەکانی سەرەتای ژیانی بکاتە کاروانێکی زانستیی سەرنجڕاکێش.

لە ساڵی ١٩٧٠ لە مەهاباد لەدایکبووە و دوای بارودۆخێکی سیاسیی سەخت کە ڕووبەڕووی خێزانەکەی بووەوە، بەرەو کەنەدا کۆچیان کرد. لەوێ، گەشتە ئەکادیمییەکەی لە زانکۆی تۆرۆنتۆ دەستپێکرد، پاشان خوێندنی باڵای لە ئۆتاوا و مۆنتریال درێژە پێدا و پلەی پزیشکیی (زەمالە) لە کۆلێژی پزیشکیی زانکۆی هارڤارد تەواو کرد.

ئێستا لە زانکۆی ئۆتاوا وەک مامۆستای یاریدەدەر کاردەکات و سەرپەرشتی توێژینەوەی پێشکەوتوو لەسەر "گلیۆبلاستۆما" (Glioblastoma) دەکات، کە یەکێکە لە مەترسیدارترین جۆرەکانی وەرەمی مێشک؛ توێژینەوەکانی تیشک دەخەنە سەر خانە قەدییە شێرپەنجەییەکان و ڕێڕەوەکانی ناردنی ئاماژە گەردیلەییەکان.

دکتۆر ئارەزوو توێژینەوەکانی لە گۆڤارە زانستییە بەناوبانگەکانی وەک Nature Neuroscience و Cell Reports بڵاوکردووەتەوە. هەروەها ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە دەستنیشانکردنی ڕۆڵی وەرگری(OSMR) وەک ئامانجێکی چارەسەریی ئومێدبەخش، کە ئاسۆیەکی نوێ بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییە سەختەکانی مێشک دەکاتەوە.

سەرەڕای سەرکەوتنە ئەکادیمییە گەورەکانی، جیهانی-ئەسڵ هەمیشە پەیوەستە بە ناسنامە کوردییەکەیەوە و جەخت لە پشتگیریکردنی دۆزی گەلەکەی دەکاتەوە. ئەزموونی ئەو نموونەی زانایەکە کە تەنها بە بەرهەمهێنانی زانست نەوەستاوە، بەڵکو هەوڵ دەدات زانستەکەی بخاتە خزمەت مرۆڤایەتی و سەلماندنی توانای زانستیی کورد لە ئاستی جیهان.




AM:11:40:13/07/2026