لە سلێمانی نەشتەرگەرییەکی دەگمەن بۆ کەسێک کرا کە بەهۆی
گرتنی کارەباوە لووتی لەدەستدابوو، د. دیار عەبدولواحید، پسپۆڕی نەشتەرگەرییەکانی
جوانکاری و بنیاتنانەوە نەشتەرگەرییەکەی کردووە و رایگەیاند، بە کڕکڕاگەی پەراسوو
و شانەی نێوچەوان، لووتەکە دروستکراوەتەوە و ئامادەیە بۆ گواستنەوە بۆ شوێنی لووتە
کۆنەکە.
نەشتەرگەرییەکە نزیکەی ساڵێک پێش ئێستا لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت
لە سلێمانی کراوە، بەڵام ئەنجامەکەی ئێستا دەردەکەوێت و د. دیار عەبدولواحید رایگەیاند،
تێچووەکەی خۆڕایی بووە، چونکە ئەمە تاقیکردنەوەی رێگەیەکی دەگمەن بووە لە بواری نەشتەرگەرییەکانی
جوانکاریدا بۆ بنیاتنانەوەی لووت.
ئەو چارەخوازەی لووتەکەی بۆ چێندراوەتەوە کرێکارێکی دانیشتووی
پارێزگای هەڵەبجەیە و لەکاتی کارکردندا کارەبا گرتووێتی، بەهۆیەوە لووتی لەدەستداوە
و سووتاوە. د. دیار و هاوکارەکانی لووتێکی نوێیان بۆ دروستکردووە کە لەنێوچەوانی ئەو
گەنجەدا چاندراوەتەوە.
د. دیار ئامانجی ئەوەی کە لێوچەواندا لووتە نوێیەکە چاندراوەتەوە
روون دەکاتەوە و دەڵێت: بۆ ئەوەیە باشتر لووتەکە گەشە بکات و لە شوێنێکدا بێت کە کێشە
بۆ هەناسە و رووخساری کەسەکە دروستنەبێت، هەروەها لەگەڵ شانە و خانەکانی کەسەکە
بگونجێت و هەمان رەنگ بێت لەگەڵ پێستی رووخساری.
ئەوەشی باس کرد کە ئێستا ئەو لووتە تەنیا شێوە و قەپاخە، بە
باشی گەشەی کردووە و هەمان رەنگی پێستی رووخساری کەسەکەی وەرگرتووە.
لە کۆتاییدا وتی: ئێستا ئەوەی ماوەتەوە کە نەشتەرگەریی
گواستنەوەی لووتە دروستکراوەکە بکرێت و بخرێتە جێی خۆی و وەکو ستافی پزیشكی ئامادەییمان
تێدایە، ئەنجامدانەکەشی کەوتووەتەوە سەر چارەخوازەکە.