١٥ گەورەترین کێشەی ژینگەیی لە ساڵی ٢٠٢٤


بەشی یەكەم
ئامادەكردنی: نامۆ مجید

بەفیڕۆدانی خۆراک، مۆدەی جلوبەرگ، لەناوبردنی دارستانەکان، کانزاکاری و زێدەرۆیی ڕاوکردنلە گرنگترین چالاکییە زیانبەخشەکانی مرۆڤن.
هەرچەندە قەیرانی کەشوهەوا چەندین فاکتەری هەیە کە ڕۆڵ دەبینن لە خراپتربوونی دۆخی ژینگە، بەڵام هەندێکیان پێویستیان بە گرنگیپێدانی زیاترە لە هەندێکی تریان.
لێرەدا هەندێک لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکان دەخەینەڕوو کە لە ژیانماندا ڕووبەڕوویان دەبینەوە، لە لەناوبردنی دارستانەکان و لەدەستدانی هەمەجۆریبایۆلۆژییەوە تا بەفیڕۆدانی خۆراک و مۆدەی خێرا.

1. سووتەمەنی فۆسیلی (نەوت و خەڵووز و گاز) و ڕۆڵی لە گەرمبوونی جیهان
ساڵی ٢٠٢٣ گەرمترین ساڵ بوو کە تێیدا تێکڕای پلەی گەرمای جیهانی گەیشتە ١.٤٦ پلەی سەدی لە سەرووی ئاستەکانی پێش پیشەسازی و ٠،١٣ پلەی سەدی بەرزتر لە تێکڕای یازدە مانگی ساڵی ٢٠١٦. ساڵەکە بە شەش مانگی پێوانەیی و دوو وەرزی پێوانەیی جیاواز بوو.
لەوەش زیاتر، ئاستەکانی دووەم ئۆکسیدی کاربۆن (CO2) هەرگیز بەم شێوەیە بەرز نەبوون. دوای ئەوەی کە نزیکەی ٦٠٠٠ ساڵ لە شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا ئاستەکانی CO2 لە بەرگی هەوادا لە نزیکەی ٢٨٠ بەش لە ملیۆن جێگیر بوو، ئێستا زۆر بەرزترە لە ٤٢٠ بەش لە ملیۆن، واتە زیاتر لە دووقات لەوەی پێش دەستپێکردنی شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەهەم.
بەپێی وتەی ڕیک سپینراد، بەڕێوەبەری ئیدارەی نیشتیمانی زەریاوان و بەرگەهەوا (NOAA)، زیادبوونی ساڵانەی بەردەوام "ئەنجامێکی ڕاستەوخۆی چالاکی مرۆییە"، سەرەتا لە سووتاندنی سووتەمەنی فۆسیلی بۆ گواستنەوە و بەرهەمهێنانی کارەبا، هەروەها لە دروستکردنی چیمەنتۆ و لەناوبردنی دارستان و کشتوکاڵەوە.
سپینراد وتیشی، ئەمە بێگومان یەکێکە لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکان کە لە ژیانماندا ڕووبەڕووی دەبینەوە: کاتێک گازە گەرمخانەییەکان زەوی دادەپۆشن، گەرمای خۆر پەنگدەخواتەوە و دەبێتە هۆی دیاردەی گەرمبوونی جیهانی.
زیادبوونی دەردانی گازە گەرمخانەییەکان بووەتە هۆی زیادبوونێکی خێرا و بەردەوام لە پلەی گەرمای جیهانی، کە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی ڕووداوی کارەساتئامێز لە سەرتاسەری جیهاندا.
زانایان بەردەوام هۆشداری دەدەن کە هەسارەی زەوی چەندین خاڵی وەرچەرخانی تێپەڕاندووە کە دەکرێت دەرەنجامی کارەساتباری هەبێت، وەک زیادبوونی توانەوەی بەستەڵەکی هەمیشەیی لە ناوچەکانی جەمسەری باکوور، توانەوەی بەفری گرینلاند بە ڕێژەیەکی بێوێنە، خێراکردنی شەشەمین لەناوچوونی بەکۆمەڵ و زیادبوونی لەناوبردنی دارستان لە دارستانە بارانییەکانی ئەمازۆن، وەک نموونەیەک.

٢- بەڕێوەبردنی خراپ

بەپێی شارەزایانی ئابووری وەک نیکۆڵاس ستێرن، قەیرانی کەشوهەوا ئەنجامی چەندین شکستی بازاڕە.
ئابووریناسان و داکۆکیکارانی ژینگە بۆ چەندین ساڵە داوا لە داڕێژەرانی سیاسەت دەکەن کە باجی ئەو چالاکیانە زیاد بکەن کە گازی گەرمخانەیی دەردەدەن (کە یەکێکە لە گەورەترین کێشە ژینگەییەکانمان)، کە نەبوونی ئەمە گەورەترین شکستی بازاڕە، بۆ نموونە لە ڕێگەی باجی کاربۆنەوە، کە هانی داهێنان دەدات لە تەکنەلۆژیای وزەی کەم-کاربۆن.
بۆ کەمکردنەوەی دەردانەکان بە خێرایی و کاریگەری پێویست، حکومەتەکان نەک تەنها دەبێت کار بۆ زیادکردنی پارەدانی داهێنانی سەوز بکەن بۆ کەمکردنەوەی تێچووی سەرچاوەکانی وزەی کەم-کاربۆن، بەڵکو دەبێت کۆمەڵێک سیاسەتی تریش پەیڕەو بکەن کە هەموو شکستێکی تری بازاڕ چارەسەر دەکات.
لە ئێستادا باجی کاربۆنی نیشتمانی لە ٢٧ وڵاتی جیهاندا جێبەجێ دەکرێت، لەوانە وڵاتانی جیاجیای یەکێتی ئەوروپا، کەنەدا، سەنگافورە، ژاپۆن، ئۆکرانیا و ئەرجەنتین.
بۆ نموونە، ڕێکخراوی هاریکاری ئابووری و گەشەپێدان ئاماژە بەوە دەکات کە باجەکانی کاربۆن بەڕادەی پێویست توند نین لەسەر بەرهەمهێنانی خەڵوز، هەرچەندە کاریگەرییان بۆ پیشەسازی کارەبا سەلمێنراوە.

٣. بەفیڕۆدانی خۆراک

سێیەکی ئەو خۆراکەی بۆ بەکارهێنانی مرۆیی تەرخانکراوە - نزیکەی ١.٣ ملیار تەن - بەفیڕۆ دەدرێت یان لەدەست دەچێت، کە بەشی تێرکردنی ٣ ملیار کەس دەکات. فیڕۆدان و لەدەستدانی خۆراک نزیکەی چارەکی دەردانی گازی گەرمخانەیی ساڵانە پێکدەهێنێت؛ ئەگەر ئەمە ێكوڵات بووایە، فیڕۆدانی خۆراک سێیەم گەورەترین سەرچاوەی دەردانی گازی گەرمخانەیی دەبوو، دوای چین و ویلایەتە یەکگرتووەکان.
فیڕۆدان و لەدەستدانی خۆراک لە قۆناغی جیاوازدا لە وڵاتانی پێشکەوتوو و پەرەسەندوودا ڕوودەدات؛ لە وڵاتانی پەرەسەندوودا، ٤٠٪‌ی فیڕۆدانی خۆراک لە ئاستەکانی دوای دروێنە و پرۆسەکردندا ڕوودەدات، لەکاتێکدا لە وڵاتانی پێشکەوتوودا، ٤٠٪‌ی فیڕۆدانی خۆراک لە ئاستی فرۆشتنی تاک و بەکاربەردا ڕوودەدات.




AM:11:40:16/01/2025