"رێژەی سەوزایی هەولێر نزیک بووەتەوە لە ٢٠٪"

پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت" رێژەی سەوزای پارێزگاکە نزیک بووەتەوە لە ٢٠٪". دەشڵێت" تائێستا ٥٩ پاڵاوگەی نایاسایی داخراون و ٢٨ خاوەن پاڵاوگەش دەستگیرکراون". 

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، ئەمڕۆ پێنج شەممە لەبارەی رێوشوێنەکانی دژی پیسکردنی ژینگە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" ئەو ڕێوشوێنانەی لە ماوەکانی ڕابردوودا بەرامبەر ئەو کەسانەی دەبنە هۆی پیسبوونی ژینگە بەردەوامن". 

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد: کێشەی پاڵاوگە نایاساییەکان چەندین ساڵە هەیە و ئێستا دروست نەبوون و بڕیارە پاڵاوگەکان بگوازرێنەوە بۆ دەرەوەی شارەکان و ئەوانەی کە مەرجەکانیان تێدایە، مۆڵەتیان پێ دەدرێت.

ئەوەشی خستەڕوو: تائێستا ٥٩ پاڵاوگە داخراون و ئەوانەی کە رێگەیان پێدراوە کارەکانیان دەستپێبکەنەوە، بەڵێننامەیان لێ وەرگیراوە و گرفتەکانی خۆیان چارەسەر کردووە، هەروەها ٢٨ خاوەن پاڵاوگەی سەرپێچکار دەستگیرکراون و لە ئێستادا لە زیندان. 

ئومێد خۆشناو باسی لەوەشکرد: ١٤٥ خاوەن مۆلیدە بەڵێننامەیان بۆ چارەسەرکردنی گرفتی مۆلیدەکانیان لێ وەرگیراوە، ٩ خاوەن مۆلیدەش سزادراون، حەوت خاوەن مۆلیدە لە سەرپێچییەکان بەردەوام بوون و ئاگادار کراونەتەوە و ئێستا دۆسیەکانیان لە دادگایەوە و دەستگیر دەکرێن.

"١٤٠ بارهەڵگر کە هۆکاری پیسبوونی هەوان دەستیان بەسەردا گیراوە، ١٥١
 پیکاب و ٥٠ ئۆتۆمبێلی تایبەت دەستی بەسەردا گیراوە کە مەرجەکانی پاراستنی ژینگەیان تێدا نەبووە". (پارێزگاری هەولێر وادەڵێت)

ئومێد خۆشناو لە درێژەی قسەکانیدا سەبارەت بە شێڵتەری سەگی بێلانە، وتی" ١٤ هەزار و ٣٣٤ سەگی بێلانە گواستراونەتەوە شێڵتەرەکە و تێیدا بەخێودەکرێن". 

پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەڕوو: بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزایی لە ساڵی ڕابردوودا ١٣١ هەزار و ٢٧٠ دار و ٦٥ هەزار و ٨١٤ گوڵی جۆراجۆر لە هەولێر چێندراون، لە ئێستاشدا شەش پڕۆژەی دروستکردنی پارک و سەوزای بەردەوامە کە بەتەواوبوونی ئەوانە دەگەنە قۆناغی دیکەی پاریزگاریکردن لە ژینگە. 

ئومێد خۆشناو ڕوونیشیکردەوە: کۆی گشتی هەر شەش پڕۆژەکە ڕووبەرەکەیان ٥٠٠ هەزار مەتر دووجایە کە دەکاتە ٢٠٠ دۆنم زەوی و ٥٣ هەزار داریان تێدا دەچێندرێت. 

"ئێستا رێژەی سەوزای هەولێر نزیکە لە ٢٠٪ی رووبەری گشتی، بەڵام لە ئاستی چاوەڕوانی ئێمەدا نییە". (پارێزگاری هەولێر وادەڵێت)

 



PM:06:30:13/02/2025