رۆژی ١٦ی نیسانی هەموو ساڵێک بە رۆژی ژینگەی کوردستان دیاریکراوە و ڕێکخراوێک لەم ڕۆژەدا ژمارەیەک داواکاری گرنگ ئاراستەی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە.
ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە، ئەمڕۆ چوارشەممە لە یادی دامەزراندنی ڕێکخراوەکەیان پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لە ماوەی ڕابردوودا ئەوەی لە تواناماندا بووبێت بۆ پاراستن و هۆشیاری ژینگە، بە گەواهی دۆستان و ڕکابەرەکانمان، ئەنجاممانداوە".
دەشڵێت" لە هەرێمی کوردستان سێکتەری ژینگە، بە مانا زانسییەکەی، بابەتێکی نوێیە بۆیە پێش ئەوەی ژینگەکەمان لە دەستبدەین پێویستە بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین".
هەروەها داوا دەکەن لە کابینەی دەیەم، دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینگە بکرێتەوە بە وەزارەتی ژینگە، هاوکات چارەسەری بنەڕەتی بۆ گرفتی ئاژەڵی بێلانە، بە تایبەتی سەگی بێ لانە بدۆزرێتەوە.
ڕێکخراوەکە ڕاشیگەیاندووە" کارگەکان چاودێری زیاتریان لەسەر بێت بۆ ئەوەی سەرپێچی ژینگەیی ئەنجام نەدەن، گرنگی بە کەلوپەلی دۆستی ژینگە بدرێت و هانی کارگەکان بدرێ بۆ کارکردن، کارگە و کۆمپانیاکانی مادە پلاستیکییەکان ناچار بکرێن لە هەموو شارێک ئۆفیس دابنێن بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکانیان".
داواش دەکەن دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بینراو و بیستراو و خوێنراو، ناچار بکرێن گرنگی بە بابەتی ژینگەیی بدەن.
دەقی ڕاگەیەندراوەکە:
ئێمە وەکو کۆمەڵێک لە ژینگەدۆستان دوانزە ساڵ بەر لە ئەمڕۆ بڕیاری دامەزراندنی، ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگەماندا.
لەماوەی ڕابردوودا سوپاس بۆ خوای گەورە و پاشان سوپاس بۆ ئەندامە دڵسۆزەکانمان، ئەوەی لەتواناماندا بووبێت بۆ پاراستن و هۆشیاری ژینگە، بە گەواهی دۆستان و ڕکابەرەکانمان، ئەنجاممانداوە.
هەمووان دەزانن بوونی ڕێکخراوی تایبەت بە ژینگە لەم ساتەوەختەدا، هەنگاوێکی گرنگە، بە تایبەتی کە سێکتەری ژینگە لەسەر ئاستی جیهان، یەکێکە لەو بابەتە گرنگانەی کۆنفرانس و کۆبوونەوەی تایبەتی بۆ ئەنجام دەدرێت.
لە هەرێمی کوردستانیش، سێکتەری ژینگە، بە مانا زانسییەکەی، بابەتێکی نوێیە بۆیە پێش ئەوەی ژینگەکەمان لە دەستبدەین پێویستە بە هۆشیارییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکەین بەکورتی لە ئێستادا گرفتە دیارەکانی ژینگەی هەرێم بریتین لە:
1-کێشەی خوڵ و خاشاک لەهەرێمی کوردستان بەگشتی کێشەیەکی گەورەیەو بەچارەسەرنەکراوی ماوەتەوە، نەتوانراوە سوودی لێوەربگیرێتەوە بەتایبەت بۆ دەستخستنی وزە، ئەمە جگە لە پاشماوە پزیشکیەکان کە مەترسیەکی گەورەن لەسەر ژینگەی هەرێمی کوردستان.
2- گرفتی ئاو و بەڕێوەبردنی یەکێکی ترە لەکێشە دیارەکانی کوردستان، کە لە ئێستادا بووەتە کێشەیەکی سیاسی و مەترسیدار لەسەر ئایندەی هەرێم و عێراق بەگشتی.
3- ڕووبەری سەوزایی ناوشارەکان و گرفتی وشکبوونی ساڵانە و نەپاراستی دارستانەکان کە مەترسی گەورەن لەسەر ژینگەی کوردستان.
4- زیادبوونی ڕێژەی ئۆتومبێل و موەلیدە دوو گەورەترین هەڕەشەن لەسەر پیسبوونی ژینگەی هەواو نەبوونی پلانی جێگرەوە بۆیان.
5- نەبوونی بەرنامەی بەردەوام و تایبەت بە هۆشیاری ژینگەیی بۆ سەرجەم ئاستەکانی کۆمەڵگاو گرنگی پێنەدانی لەلایەن دام و دەزگاکانی حکومەتەوە.
6- نەبوونی سزاو لێپرسینەوە بۆ سەرپێچیکارانی ژینگە و ڕێکنەخستنەوەی یاساو ڕێنمایە ژینگەیەکان.
7-بوونی دەیان پاڵاوگەی نایاسایی و کارگە و کۆمپانیاکان کە بوونەتە هۆکاری پیسبونی ژینگە کە لە ماوەی ڕابردوودا هەمووان بینیمان.
داواکارییەکانمان…
لە کابینەی دەیەم، دەستەی پاراستن و چاکردنی ژینکە بکرتەوە بە وەزارەتی ژینگە.
چارەسەری بنەڕەتی بۆ گرفتی ئاژەڵی بێلانە، بە تایبەتی سەگی بێ لانە بدۆزرێتەوە.
باج بخرێتە سەر مادەپلاستیکییەکان بە تایبەتی کیسی نایلۆن و قاپی سەفەری و بوتڵی ئاوی سەفەری.
حکومەت هەوڵی هێنانی ئۆتۆمبیلی دۆستی ژینگە بدات بۆ پاکڕاگرتنی ژینگەی کوردستان.
کارگەکان چاودێری زیاتریان لەسەر بێت بۆ ئەوەی سەرپێچی ژینگەیی ئەنجام نەدەن.
گرنگی بە کەلوپەلی دۆستی ژینگە بدرێت، و هانی کارگەکان بدرێ بۆ کارکردن.
کارگە و کۆمپانیاکانی مادە پلاستیکییەکان ناچار بکرێن لە هەموو شارێک ئۆفیس دابنێن بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکانیان.
دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بینراو و بیستراو و خووێنراو، ناچار بکرێن گرنگی بە بابەتی ژینگەیی بدەن.
ئێمە وەکو ستافی بەڕێوەبردنی ڕێکخراو، سەرەڕای گرفت و لەمپەرەکانی بەردەممان، وێڕای نەبوونی هیچ سەرچاوەیەکی داهات بۆ کارەکانمان، بەڵێنی بەردەوامی و دڵسۆزی زیاتر لەساڵی نوێدا دووپات دەکەینەوە.
بە خۆشحاڵییەوە، لە ساڵانی ڕابردوو، ڕێکخراوەکەمان توانی موڵەتی فەڕمی، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی حکومەتی عێراق بەدەستبهێنێت و ڕێکارە ئیداری و یاساییەکانی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی هەرێمی کوردستانیشی بەجێگەیاندووە.
بە شانازییەوە، لە ماوەی ساڵانی ڕابردوو زیاد لە 20 هەزار پۆستەری تایبەت بە هۆشیاری ژینگەیی و پێنج هەزار پەرتووکی ژینگەیی بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا دابەشکراون.
ڕێکخراومان، ئەندامە لە چەندین تۆڕ و گرووپی تایبەت بە ژینگە لەسەر ئاستی ناوچەیی و عێراق و هەرێم.
بەشداری چەندین کۆنفڕانس و دیبەیتی زانستی تایبەت بە ژینگەمان کردووە، هەروەها بەشداری دەیان بەرنامەی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆکانمان کردووە، تایبەت بە ژینگەی هەرێمی کوردستان.
خاوەنی، سێ زنجیرە بەرنامەی تایبەت بووین، پەڕلەمانتاری و ژینگە، شەش ئاڵقە، ڕەمەزان و ژینگە دە ئاڵقە، ڕەمەزان وێستگەیەک بۆ ژینگەپارێزی پێنج ئاڵقە.
ئەگەر ساڵانی پێشوو چالاکییەکانمان تەنها لە سنوورێکی دیاریکراو ئەنجام دابێت، ماوەی چەند ساڵێکە لە(سلێمانی، کەرکوک، هەڵەبجە، گەرمیان، ڕاپەڕین، دووز، کفری، شارەزوور، پێنجوێن) و چەندین شارو شارۆچکەی تر ، دەیان چالاکی نموونەییمان لە ناوەندەکانی خوێندندا ئەنجام داوە و، لێرەوە سوپاسی بەرپرسانی پەروەردەیی دەکەین کە دڵسۆزانە هاوکارمان بوون.
هەر لە بەڕێز وەزیری پەروەردەوە، تا بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن.
هەر بۆیە لێرەیشەوە داوا لە دڵسۆزان و خەمخۆرانی ژینگە دەکەین هاوکارمان بن و بۆ سەرخستنی کارەکانمان ببنە پاڵپشت و هاندەرمان جا بەهەر ڕێگەیەک کە دەیانەوێ خزمەت بە ژینگەی کوردستان بکەن.
سوپاس بۆ هاوکارەکانمان، سوپاس بۆ ئەوانەی هەمیشە پشتیوانمانن.
ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە