ئامادەكردنی: نامۆ مجید – سەرۆكی رێكخراوی ئیرۆ
کەشوهەوای ئەڵمانیا دووبارە گەرمای بەخۆیەوە بینیوەتەوە، بەڵام بەهۆی بارانبارینەوە کێشەی وشکەساڵیان نییە. بە پێچەوانەوە وڵاتانی وەک ئیسپانیا، ئیتاڵیا، تورکیا و چەندین وڵاتی دیکە بەدەست وشکەساڵی و کەمیی ئاو و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما دەناڵێنن.
لەم ڕاپۆرتەدا کورتەیەک دەخەینەڕوو لەو کێشانەی کەمیی ئاو لە چەند وڵاتێکی جیهان دروستیکردووە:
قوبرس
بەپێی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی ئاوی قوبرس، یەدەگی ئاو بە شێوەیەکی ترسناک دابەزیوە، بەجۆرێک کە ئێستا ئاستی پڕبوونی بەنداوەکان تەنها 16.1%ـە، بە بەراورد بە 34.1% لە ساڵی ڕابردوودا. بۆ سێیەم ساڵ لەسەر یەک، وڵاتەکە ڕووبەڕووی کەمبارانی بووەتەوە. حکومەتی قوبرس داوا لە دانیشتوان دەکات کە لە بەکارهێنانی ئاودا ژیرانە ڕەفتار بکەن و بڕیارە وێستگەی زیاتر بۆ شیرینکردنی ئاوی دەریا دروستبکرێت.
تورکیا
تورکیا بەردەوام ڕووبەڕووی بڕینی ئاو دەبێتەوە، بە تایبەت لە ناوچە گەشتیارییەکانی دەریای ئیجە. شاری ئیزمیر و بودروم کە شارێکی گەشتیارییە، بەهۆی دابەزینی ئاستی بەنداوەکانەوە ئاویان بە شێوەیەکی پچڕپچڕ بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک لە ڕۆژێکدا دەبڕدرێت. مانگی تەممووزی ڕابردوو گەرمترین مانگ بووە لە تورکیا لە ماوەی 55 ساڵی ڕابردوودا.
یۆنان
بەنداوەکانی یۆنان نزمترین ئاستی پڕبوونەوەیان تۆمارکردووە. لە دەوروبەری ئەسینای، پایتەخت، یەدەگی ئاو بە ڕێژەی 50% بە بەراورد بە ساڵی 2022 دابەزیوە. حکومەت جەخت لە پێویستی نوێکردنەوەی بەڕێوەبردنی ئاو لە وڵاتەکەدا دەکاتەوە.
ئێران
ئێران یەکێکە لە وشکترین وڵاتانی جیهان. لە ساڵانی ڕابردوودا، شارەزایان کەمبوونەوەیەکی بەرچاویان لە ڕێژەی بارانباریندا تۆمارکردووە، لەگەڵ زیادبوونی ماوەی وشکەساڵی. قەیرانی ئاو ماوەیەکی زۆرە پەرەی سەندووە و ئەم هاوینەش بە توندی کاریگەری لەسەر تارانی پایتەخت کردووە.
ئیسپانیا
ئیسپانیا لە ئێستادا کێشەی کەمیی ئاوی توندی نییە، بەڵام کێشە لە دابینکردنی ئاودا هەیە، بە تایبەت لە ناوچەکانی مایۆرکا.
ئینگلتەرا
بەشێک لە ئینگلتەرا ئەم ڕۆژانە بەدەست کەمبوونەوەی یەدەگی ئاو و وشکەساڵییەوە دەناڵێنن. پێنج ناوچە بەدەست وشکەساڵییەوە دەناڵێنن و شەش ناوچەی دیکەش کەشوهەوای وشکی بەردەوامیان هەیە. ئاستی ئاو لە چەندین ڕووبار و بەنداودا لە ئاستی ئاسایی کەمترە.
ئیتاڵیا
ئیتاڵیاش ڕووبەڕووی کێشەی وشکەساڵی بووەتەوە. شەپۆلی گەرما و نەبوونی بارانبارین تەنها کێڵگەکان وشک ناکاتەوە، بەڵکو سامانی ئاژەڵیشی خستووەتە دۆخێکی نالەبارەوە، بە تایبەت لە دورگەی سیسیلیا و سەردینیا.
فەڕەنسا
ژمارەی ئەو ناوچانەی باشووری فەڕەنسا کە سنووردارکردنی بەکارهێنانی ئاویان تێدا جێبەجێکراوە، لە زیادبووندایە، بەهۆی بەردەوامبوونی وشکەساڵی و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما.
باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا
وشکەساڵی کاریگەری لەسەر باشووری ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاش هەبووە. لە زۆر شوێن ترسی ئەوە هەیە کە وەرزی دروێنە خراپ بێت. کرواتیا چەندین ناوچەی باکووری وەک ناوچەی کارەساتبار بەهۆی وشکەساڵییەوە، ڕاگەیاندووە. لە سربیا، کرواتیا، سلۆڤینیا، بۆسنە و هەرزەگۆڤینا، هەنگاریا و ڕۆمانیا، دەسەڵاتداران بەردەوام قەدەغەی ئاودێریکردنی باخچەکان و پڕکردنەوەی مەلەوانگەکان و شۆردنی ئۆتۆمبێل لەسەر شارەوانییەکان دەکەن.