پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" لە سنوورى دەربەندیخان، سیتەك و عەربەت ٣٠٠ دۆنم لە پووش و پاوان و هەزار و ٥٠٠ داری سروشتی سووتان".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" لە سێ ڕووداودا ئاگرێكى فراوان لە سنووری دەربەندیخان، سیتەك و عەربەتی سەر بە شاری سلێمانی کەوتەوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆى ڕووداوەكەوە ٣٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و هەزار و ٥٠٠ داری سروشتی تەمەن جیاواز سوتان.
هەروەها پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی لە بەیاننامەیەکی دیکەدا ئاماژەی بەوەکردووە، ئاگرێك لە سنووری ناحیەی ناڵپارێز بەدیاریکراوی لە ملەی نەڵمە کەوتەوە.
باسی لەوەشکردووە، زیانى ئاگرەکە بە سووتانی بڕی ٧٠٠ دۆنم لە پوش و پاوان و دارستان مەزەندەدەکرێت، زیاتر لە ٢٠٠ داری سروشتیش سووتاون و نزیکەی شەش باخی هاوڵاتییان زیانیان پێگەیشتووە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە ڕاشیگەیاندووە" تائێستا هۆكاری كەوتنەوەی ئاگرەکان نەزانراوە و لە ئێستادا لێكۆڵینەوە لەوبارەوە دەستیپێكردووە".