کەرکووک.. بەهۆی پیسکردنی ژینگەوە بڕیاری داخستنی دەیان کارگە دەدرێت

بەڕێوەبەری ژینگەی کەرکووک رایگەیاند، بەهۆی پیسکردنی ژینگەوە، بڕیاری داخستنی دەیان کارگە لە پارێزگاکە دراوە.
 
عەلی عیزەدین، بەڕێوەبەری ژینگەی کەرکووک ئەمڕۆ چوارشەممە ١٠ی ئەیلوولی ٢٠٢٥ بە میدیاکانی ڕاگەیاند'' تیمەکانی ژینگە چاودێریی کارگە و کارخانەکان دەکەن بۆ ئەوەی دڵنیابن لەوەی نابنە هۆی پیسبوونی هەوا.'' 
 
ئەو بەرپرسەی ژینگە دەڵێت" بڕیاری داخستن و سزادانی نزیکەی ٣٠ کارگە و کارخانەی کەرتی تایبەت دراوە، چونکە یان بە قیڕ و نەوت کاردەکەن، یان کاری پاککردنەوە و پاڵاوتنی رۆن دەکەن، یان لە بنەڕەتدا مۆڵەتی کارکردنیان نییە و بە گشتی فەرمانی داخستنی ٨٠ کارگە لە کەرکوک دەرچووە".
 
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەی کەرکووک، نەبوونی پشتێنەی سەوز و کارکردنی کێڵگە و پاڵاوگەکانی نەوتی بەبێ فلتەر، هۆکاری سەرەکیی پیسبوونی ژینگە و هەوای شارەکەن.




PM:07:05:10/09/2025