سێشەممە ١٦ی ئەیلولی ٢٠٢٥، پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆی کەوتنەوەی ئاگرێکەوە کە گوندی بادەلانی گرتەوە لە سنووری شارەدێی گەرمک، ٥٠ دۆنم پووش و پاوان داری سروشتی سووتا.
ئاماژەبەوەشکراوە، دواتر لەلایەن مەفرەزەیەكی بنکەی پۆلیسی دارستانی گەرمك و بە هاوکاری خەڵکی ناوچەکە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کرا.
ئەمە لە کاتێکدایە، مانگی ڕابردوو لە پێنجوێن ئاگرێکی گەورە کەوتەوە کە بەهۆیەوە هەزار و ٩٠٠ دۆنم دارستان سوتاوە زیانی بە پێنجی گوندی ناوچەکەش کەوت.
هەروەها هەر بەهۆی ئاگرەکەوە سەیرانگای سێجاکان لە پێنجوێن سوتاوە، لەگەڵ ئەوەش دوو گەنجەی خۆبەخش لە کاتی گۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە بەشێکی زۆر لە جەستەیان سووتا و زیانێکی گیانی زۆریان بەرکەوت.
هەر لە درێژەی ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە لە پارێزگای هەڵەبجەش بەهەمان شێوە مانگی ڕابردوو ئاگرێکی گەورە کەوتەوە کە ماوەی ٧٢ کاتژمێر ناوچەکەی گرتبووەوە.
زیانەکان بریتی بوون لە سووتانی پێنج هەزار دۆنم دارستانی سروشتی (بەڕوو، قەزوان، گۆیژ...) لەگەڵ سووتانی هەزار دۆنم پاوانی سروشتی و سووتانی ٣٦ دۆنم لە باخی هاوڵاتیان لە گوندەکانی مۆردین، چناری کۆکۆی و نەیجەلە.
هەروەها، لەناوچوونی ٤٧٥ کیلۆگرام بنێشتی کوردی، لەگەڵ ئەوەش لە کاتی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دوو هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا.