چینی ئۆزۆن چاک دەبێتەوە و مەترسیە ژینگەیەکان کەم دەبنەوە


لێکۆڵینەوەیەکی نوێی نێودەوڵەتی، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پشتیوانی کراوە، پشتڕاستی دەکاتەوە کە چینی ئۆزۆن لەسەر ڕێگای تەواوبوونی چاکبوونەوەیە و چاوەڕوان دەکرێت لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەڕێتەوە بۆ ئاستی پێش ساڵی ١٩٨٠.


ڕاپۆرتەکە هەموو چوار ساڵێک لەلایەن لیژنەی زانستی هەڵسەنگاندنی ئۆزۆن بڵاودەکرێتەوە، بەپێی پێشبینییەکانی لێکۆڵینەوەکە، تا ساڵی ٢٠٤٠چینی ئۆزۆن لەسەر جەمسەری باکوور بە تەواوی چاک دەبێتەوە و لە ساڵی ٢٠٤٥ دا چاوەڕوان دەکرێت، چینی ئۆزۆن لەسەر ناوچەکانی ناوەڕاستی زەوی بە تەواوی چاک بێتەوە و ٢٠٦٦ چینی ئۆزۆن لەسەر جەمسەری باشوور، کە گەورەترین کونی تێدا دروست ببوو، بە تەواوی چاک ببێتەوە.

مێگ سیکی، سکرتێری جێبەجێکاری سکرتاریەتی ئۆزۆن لە پڕۆگرامی ژینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئاماژەی بە گرنگیی ئەم دەستکەوتەدا و ڕایگەیاند: "کاریگەری پرۆتۆکۆلی مۆنتریال بۆ ژیانی مرۆڤایەتی لە ژینگەیەکی سەلامەتدا زۆر گەورەیە." کونی ئۆزۆن لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دۆزرایەوە، کاتێک بەکارهێنانی ماددەی CFCs گەیشتە لووتکە. ئەم کونە مەترسی گەیشتنی تیشکی سەروو وەنەوشەیی زیانبەخشی بۆ زەوی زیاد دەکرد کە دەبووە هۆی شێرپەنجەی پێست، کێشەکانی چاو و لاوازبوونی سیستەمی بەرگری لەش.

پلەی گەرمی زەوی، لەوانەیە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی چینی ئۆزۆن، بەتایبەتی لە ناوچە خولگەییەكان . دەیڤید فایهێی، هاوسەرۆکی لیژنەی زانستی هەڵسەنگاندنی ئۆزۆن، ڕوونیکردەوە کە "بڵاوکردنەوەی گۆگردیلە لە ستراتۆسفێردا بۆ کەمکردنەوەی گەرمبوون، بەشێوەیەکی خراپ کاریگەری لەسەر ئۆزۆن دەبێت."

لەکۆتاییدا، ئەم سەرکەوتنە لە چاکبوونەوەی چینی ئۆزۆن نموونەیەکی درەوشاوەیە کە چۆن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت بە هەوڵی هاوبەش، چارەسەر بۆ کێشە ژینگەییە گەورەکان بدۆزێتەوە و هیوایەک بە مرۆڤایەتی دەبەخشێت بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکانی دیکەی وەک گۆڕانی کەشوهەوا




PM:01:14:10/10/2025