ئەندامێکی رێکخراوی سی پی تی ئەمریکی، هۆشداری دەدات لەوەی ، سوپای تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی بڕینەوەی دارستان و پارچە پارچەکردنی دارەکانی کوردستانی دەستپێکردوە.
کامەران عوسمان، ئەمڕۆ ١٩ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥، ڕایگەیاند'' لە سەرەتای مانگی ئەیلوولەوە، سوپای تورکیا هەڵمەتێکی فراوانی بڕینەوەی دارستان و پارچە پارچەکردنی دارەکانی کوردستانی لە ناوچەکانی زاپ و ئاڤاشین، لە سنوری قەزای ئامێدی دەستپێکردووە. دارەکان بە شۆفڵ و حەفارە دەردەهێندرێن و بە ئامێری بڕەڕی پێشکەوتوو پارچە پارچە دەکرێن.''
ئاماژەی بەوەشکردوە، تەواوی دارەکان بە تراکتۆری مەدەنی، دەگوازرێنەوە بۆ ناو تورکیا و بەشێکی بۆ سوتەمەنی سودی لێوەردەگیرێت.
کامەران عوسمان هۆشداریداوە لەوەی، بەشە زۆرەکەشی بۆ دروستکردنی کورسی و قەنەفە و کەلوپەلی لە تەختە دروستکراوی ناو ماڵ لەلایەن کارگەکانی تورکیاوە بەکاردەبرێن و دواتر ئەم کەلوپەلانە دەنێردرێنەوە ناو بازاڕەکانی کوردستان و بە دانیشتووانی هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێنەوە.
لە کۆتایدا ئەو ئەندامە سی پی تی دەڵێت'' پاراستنی سنور و ژینگە و دارستانەکانی کوردستان لە بەرنامە و پرۆگرامی چ حزبێکی کوردستانی دایە؟! لەبەر شەڕە پەڕۆی هەڵبژاردن و درۆی ڕەنگا و ڕەنگ، کام حزب ئاگای لە وێرانکردنی ژینگەی سەوزی کوردستانە؟''