پیسبوونی هەوا لە ئێراندا بە یەکێک لە پێنج هۆکارە سەرەکیەکەی مردن دادەنرێت، ئەندامێکی زانکۆی زانستە پزیشکیەکانیش دەڵێت: "ساڵی ڕابردوو زیاتر لە ٥٣ هەزار و ٤٧٠ کەس بە هۆی پیسبوونی هەواوە گیانیان لە دەستداوە، و لە ١٥٪ مردنەکانی ئێران لە ساڵی ٢٠٢٣دا بەم هۆکارە بوون".
عەباس شەخسۆنی، ئەندامی فاکەڵتی بەشی ئەندازیاری تەندروستی ژینگەی زانکۆی شەهید بێهداشتی زانستە پزیشکیەکان، لە چاوپێکەوتنێکی ئاژانسی ئیلنا، ڕایگەیاندوە: "پێنج هۆکاری سەرەکی مەترسی مردن لە ئێراندا، بریتین لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنی سیستۆلیک، پیسبوونی هەوا، بەرزی ڕێژەی بارستەی جەستە، مەترسییەکانی خراپی خۆراک، و تێکچوونی کارکردنی گورچیلە، بە پێی دوایین ڕاپۆرتی ئینستیتیوتی بارگرانی نەخۆشی لە ساڵی ٢٠٢٥، تێکڕای چڕیی ساڵانەی گەردیلە (PM2.5) لە ئێران لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا ٤٠ مایکرۆگرامە بۆ هەر مەتر سێجایەک کە نۆ مایکرۆگرام زیاترە لە تێکڕای چڕیی ساڵانەی جیهانی گەردیلە (PM2.5)".
ئەو ئەندامەی بەشی ئەندازیاری تەندروستی ژینگە دەڵێت: "بە پێی دوایین ڕاپۆرتی ئینستیتیوتی بارگرانی نەخۆشی، لە ساڵی ٢٠٢٥ بە تێکڕا لە ٤٠٪ گیان لەدەستدان لە ئێران بە هۆی نەخۆشی درێژخایەنی ڕێگری سییەکان (COPD)، لە ٢٨٪ بە هۆی جەڵتەی مێشک، لە ٣٠٪ بە هۆی نەخۆشی ئیسکیمیکی دڵ، لە ٢٠٪ بە هۆی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو، لە ٢٤٪ بە هۆی شێرپەنجەی سییەکان، و لە ٢٣٪ بە هۆی شێرپەنجەی سییەکان لە هەوکردنی خوارەوەی کۆئەندامی هەناسەدان دەگەڕێتەوە بۆ بەرکەوتن بە پیسبوونی هەوا. لە کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەر ١٠٠هەزار کەسێک ٨٦ حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی پیسبوونی هەواوەیە کە لە ئاستی مامناوەندی جیهانی زیاترە".
بەپێی دوایین ڕاپۆرتی پەیمانگای بارگرانی نەخۆشیەکان لە ساڵی ٢٠٢٥، پیسبوونی هەوا بە دووەم هۆکاری مردنی پێشوەختە لە جیهاندا ناسراوە و هۆکاری مردنی زیاتر لە ٧.٩ ملیۆن کەسە، دوای بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن بە دووەم هۆکاری مردن لە جیهاندا ناسراوە و لە هەر ٨ حاڵەتی مردن کە لە جیهاندا ڕوودەدات، بە تێکڕا مردنێک دەگەڕێتەوە بۆ بەرکەوتنی پیسبوونی هەوا، لە وڵاتانی وەک چین و هیندستان ساڵانە زیاتر لە ٢ ملیۆن حاڵەتی مردن بەهۆی پیسبوونی هەوا ڕوودەدات.