وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، د. سەنعان عەبدوڵڵا لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا داوا لە هاوڵاتیان دەکات دیمەنی ئەو بارهەڵگرانەی فلتەریان نییە و دوکەڵ دەکەن تۆمار بکرێت و بۆیان بنێردرێت.
یەک شەممە، ٢٦ تەمووز ٢٠٢٦، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان رایگەیاند "ئەگەر بتوانن ڤیدیۆی هەر بارهەڵگرێک کە دووکەڵی رەش دەکات بیگرن و بینێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی ژینگە لە سنووری خۆتان، بەرپرسانی ژینگە بە هەماهەنگی پۆلیسی هاتووچۆ لێکۆڵینەوە دەکات و خاوەنی ئۆتۆمبێلەکە بە پێبژاردن سزا دەدرێت".
"ئێمە رێنمایی ژمارە ٢ـی ساڵی ٢٠٢١مان هەیە کە تایبەتە بە کواڵیتی هەوا. لەو چوارچێوەیەدا بە نووسراوی فەرمی داوامان کردووە ئەو کێشەیە چارەسەر بکرێ، هەرچەندە زۆرینەی شۆفێرەکان دەڵێن کاسبکارن و ناتوانن فلتەر بگۆڕن، چونکە پارەکەی زۆرە و دەچن چاکی دەکەنەوە، چاککردنەوەش بۆ ماوەیەکی کورتە و دووبارە تێکدەچێتەوە"، سەنعان عەبدوڵا وا دەڵێت.
وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان وتیشی "داوامان کردووە پۆلیسی هاتووچۆ لەناو شار و بازگەکاندا چاودێری هەموو ئەو بارهەڵگرانە بکات کە دووکەڵی رەش دەکەن و بە پێبژاردن ناچاریان بکەن ئۆتۆمبێلەکانیان چاکبکەنەوە".
ئەو بارهەڵگرانە لە ناو خەڵکدا بە "دووتەنی" ناسراون یان هەموو ئەو بارهەڵگرانەی بە گازوایل کار دەکەن، لەکاتی کۆنبوون یان تێکچوونی فلتەرەکانیان دووکەڵی رەش و ژەهراوی دەردەدەن.