جۆرێكی نوێی مەلاریا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بڵاودەبێتەوە

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەكی نوێ، جۆرێكی نەخۆشی مەلاریا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا بڵاودەبێتەوە كە ناتوانرێت بەو دەرمانانە چارەسەر بكرێت كە لە ئێستادا دژی مەلاریا بەكاردەهێنرێت.
توێژینەوەكە لەلایەن یەكەی توێژینەوەی پزیشكی ئیستیوائی لەسەر هەزار و 241 كەسی دانیشتوی 10 وڵاتی ئاسیایی ئەنجامدراوە.
توێژەرەكان بۆیان دەركەوتووە كە لە ئێستادا لە وڵاتانی تایلەند و كەمبۆدیا و میانمار و لاوس، جینی جۆرێكی نوێی مەلاریا هەیە كە بەرەنگاری ماددەی ئەرتیمیسینین كە لە چارەسەرەكانی دژی دژی توشبوون بەو نەخۆشییە بەكاردەهێنرێت.
پسپۆڕەكان پێشبینی دەكەن گەر ئەم جۆرە نوێییەی مەلاریا بڵاوبێتەوە، ئەوا دووبارە ژمارەی قوربانیانی ئەو نەخۆشییە زیاد دەكاتەوە، بە تایبەت لە كیشوەری ئەفریقا و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا.
ئامارەكان دەریدەخەن كە لەئێستادا ساڵانە نزیكەی 600 هەزار كەس بەهۆی مەلاریاوە گیان لەدەست دەدەن كە زۆرینەی ئەو كەسانە منداڵی خوار تەمەن پێنج ساڵن.



PM:03:40:05/08/2014