بۆیەکەمجار ژنێک توانی لە تەمەنی ٦٠ ساڵیدا نازناوی شاجوانی ئەرجەنتین بەدەستبهێنێت

ژنێکی تەمەن (٦٠) ساڵان نازناوی شاجوانی پایتەخت بوینس ئایرێس لە یەکێک لە پێشبڕکێ بەناوبانگەکانی جوانکاری ئەرجەنتین بەدەستهێنا و ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی بتوانێت نازناوی شاجوانی ئەرجەنتین بۆ ساڵی (٢٠٢٤) بەدەستبهێنێت.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی ڕووسیا تودەی کە ئەنجامی پێشبڕکێکەی ڕاگەیاندووە دەڵێت" ژنێکی ئەرجەنتینی بە ناوی ئەلیخاندرا ماریسا ڕۆدریگێز کە تەمەنی (٦٠) ساڵە، توانی بۆیەکەمجار نازناوی شاجوانی بوینس ئایرێسی بەدەستبهێنێت، بەمەش سەرکەوت بۆ پاڵاوتنەکانی شاجوانی ئەرجەنتین بۆ ٢٠٢٤". 

بەپێی لێدوانە ڕۆژنامەوانیەکانی، ئەلیخاندرا ئاشکرایکردووە، ڕۆژووگرتنی پچڕ پچڕ وەک شێوازێکی خۆراکی دەگرنەبەر، جگە لەوەی ڕۆژانە وەرزش دەکات و دەڵێت" خۆشحاڵم کە نوێنەرایەتی ئەم مۆدێلە نوێیە دەکەم لە پێشبڕکێکانی جوانکاریدا، چونکە قۆناغێکی نوێ دەکەینەوە کە تیایدا ژنان تەنها نوێنەرایەتی جوانی جەستەیی ناکەن، بەڵکو کەسایەتییەکی ترن". 

ئەلیخاندرا ئاماژەی بەوەشکرد، پێی وایە دادوەرەکان متمانە و خولیای ئەویان بینیوە بۆ نوێنەرایەتیکردنی ژنانی نەوەی خۆی لە شەستەکانی تەمەنیدا، بەو پێیەی ئەم تاجە گوڵینەیە دوای هەڵوەشاندنەوەی پێشبڕکێی شاجوانی ئەرجەنتین بوو کە کەمترین تەمەن بۆ خانمان لە نێوان (١٨ بۆ ٢٨) ساڵدا بووە لە ساڵی (١٩٥٨)ەوە سەپێنراوە بۆ کردنەوەی دەرگاکان بە ڕووی بەشداربووان لە هەموو تەمەنێکدا بۆ ئەوەی دەرفەتێکیان پێبدرێت جوانی و بەهرەکانیان پیشان بدەن.

هەروەها ئەلیخاندرا ماریسا ڕۆدریگێز لەسەر شانۆ لە کاتی تاجە گوڵینەدا وتی" زۆر دڵخۆشم و شانازیم بە بەدەستهێنانی نازناوی شاجوانی بوینس ئایرێس ٢٠٢٤، و دەمەوێت نیشانی هەموو خانمان بدەم کە جوانی هیچ تەمەنێکی نییە و ئێمە توانای شکاندنی بەربەستەکانمان هەیە". 

ئەو لە لێدوانەکانیدا بەردەوام بوو وتیشی" من لە ڕووی جەستەییەوە ڕاهێنانم کردووە، کارم کردووە بۆ زیادکردنی متمانە بەخۆبوونم، و باشترکردنی تواناکانم لەسەر شانۆ، و ویستم نیشان بدەم کە بەهێزکردنی ژنان هیچ سنوورێکی نییە". 

بەم دواییە وێنەی براوەی ئەلیخاندرا ماریسا ڕۆدریگێز لە سۆشیال میدیا بڵاوبووەوە، دوای ئەوەی نازناوی شاجوانی بوینس ئایرێسی بەدەستهێنا، ئەم ژنە پارێزەر و ڕۆژنامەنووسێکی تەمەن ٦٠ ساڵە، لە بواری ڕۆژنامەگەرئ کاردەکات. 

هەروەها کاندیدبوونی ماریسا مشتومڕ و بۆچوونی جیاوازی لە سەرانسەری پلاتفۆرمەکانی سۆشیال میدیادا بەدوای خۆیدا هێنا و فۆڵۆوەرەکانی ڕەتیانکردەوە باوەڕ بە ڕاستییەکانی تەمەنی بکەن، بە تایبەتی کە سیماکانی دەموچاوی بیست ساڵ گەنجتر بوون، لە کاتێکدا هەندێکی تر پێیان وابوو کە ژنان دەتوانن لە ڕێگەی وەرزشکردن و ژیانی تەندروست و خۆراکی هاوسەنگەوە تەمەنی خۆیان گەنجتر دەربخەن.



PM:08:35:27/05/2024