وێنە و ڤیدیۆ.. ‌نەدا کوسا نازناوی شاجوانی لوبنانی بەدەستهێنا

نەدا کوسا لە میانی مەراسیمێکی گەورەدا کە ئێوارەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو بەڕێوەچوو، تاجی شاجوانی لوبنانی لەسەر دانرا، دوای ئەوەی لەگەڵ (١٤) خانمی گەنج لە ناوچە جیاجیاکانی وڵاتەوە کێبڕکێی کرد.

نەدا کوسا تەمەنی (٢٦) ساڵە و لە شارۆچکەی ڕەهبەی سەر بە قەزای ئەکار لە باکوری لوبنان لە دایکبووە. 

بەپێی هەواڵی میدیاکانی لوبنان، هاوەڵی یەکەمی شاجوانی لوبنان سارا لینای تەمەن ١٩ ساڵ بووە، هەروەها هاوەڵی دووەم گابیل بالیان بوو کە تەمەنی ٢٥ ساڵە.

بەشداربووان لە مەراسیمەکەدا باسیان لە چیرۆکەکانی ژیانی تایبەتی خۆیان کرد و ئاماژەیان بە بەهێزی ژنان و توانای تێپەڕاندنی سەختییەکانیان کرد.

هەر لە مەراسیمەکەدا چەندین کەسایەتی میدیای و کەسایەتییە ناسراوەکان ئامادەی بوون، دیارترینیان وەلید نەسار وەزیری گەشتوگوزاری لوبنان و شاجوانی پێشووی لوبنان و یەکەمی شاجوانی جیهان یاسمینە زەیتون بوون. 

لە میانی مەراسیمەکەدا ڕێز لە بەشێک لە کەسایەتییە ژنەکان گیرا، وەک شاجوانی گەردوونی ساڵی ١٩٧١ جۆرجینا ڕزک، ڕۆژنامەنووس ڕایا ئەبی ڕەشید، ئەکتەری ناوداری ئەمریکی ڕەزان جەمال و مۆدێل نور ئاریدە.

ئاهەنگی شاجوانی لوبنان بە سەرپەرشتی وەزارەتی گەشتوگوزار بە دروشمی (بەهێزکردنی ژنانی لوبنان) لە بەیروت بەڕێوەچوو، هەروەها جەختی لەسەر خۆڕاگری لوبنان و متمانەی گەلەکەی بە ڕزگارکردنی وڵاتەکەیان کردەوە.

دوای مەراسیمەکە نەدا کوسا لە چاوپێکەوتنێکدا دڵخۆشی خۆی بە بردنەوەی نازناوەکە دەربڕی و باسی لە دۆخی ئەمنی کرد و متمانەی خۆی بە خۆڕاگری لوبنانیەکان دەربڕی.

نەدا لە درێژەی قسەکانیدا وتی" پەیامەکەم دەگوازمەوە بۆ جیهان، هەروەها باس لە خۆڕاگری گەلی لوبنان دەکەم لە بەرامبەر سەختییەکان و دروستکردنی تەحەددا لە پێناو گەڕاندنەوەی وێنەی جوانی وڵاتەکەم". 

ئاماژەی بەوەشکرد، من و هاوکارەکانم شانازیمان بەو ئێوارەیە کرد کە دروشمی بەهێزکردنی ژنانی هەڵگرتبوو، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک ژنی سەرکەوتوو، هەریەکەیان لە پسپۆڕییەکەی خۆیاندا.

سەبارەت بە تاجە گوڵینەی دانانی کە هاوکاتە لەگەڵ ئەو هەڕەشانەی کە کاریگەرییان لەسەر لوبنان هەیە، وتی" ئەوەی لە باشووری لوبنان ڕوو دەدات ئازاری هەموو لوبنانییەکانە بە یەکسانی". 

لە کۆتایی قسەکانیدا ڕایگەیاند" پەیامی من بۆ لوبنان و عەرەبەکان ئەوەیە کە دەبێت گرنگی بە تەندروستی دەروونی بدەن بۆ داهاتوویەکی باشتر". 



AM:11:54:30/07/2024