بەتەمەنترین ژن لە ١١٧ ساڵیدا كۆچی دوایی كرد

بەتەمەنترین ژن لە جیهان کۆچی دوایی کرد و بنەماڵەکەشی دەڵێن"بەبێ ئەوەی ئازار ببینێت و لە خەودا مردوە".

ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠ی ئاب، بنەماڵەی بەتەمەنترین ژنی جیهان(ماریا براناس مۆرێرا)، کۆچی دوایی ناوبراویان لە تەمەنی ١١٧ ساڵیدا ڕاگەیاند.

خێزانەکە لە بەیاننامەیەکدا دەڵێن"ماریا بەو شێوەیەی کە ویستویەتی، واتە لە خەودا بەبێ ئەوەی تووشی ئازار بێت، مردووە”.

ماریا براناس مۆرێرا بووە بەتەمەنترین کەسی سەر زەوی دوای مردنی تێکلا جونیڤیچ-ی پۆڵەندی لە ساڵی ٢٠٢٢ دا".

ماریا براناس مۆرێرا لە ٤ی ئازاری ١٩٠٧ لە شاری سانفرانسیسکۆ لە خێزانێکی ئیسپانی لەدایک بووە و دوای هەشت ساڵ، دایک و باوکی بڕیاریان دا بگەڕێنەوە بۆ ئیسپانیا.

لە ساڵی ١٩٣١ هاوسەرگیری لەگەڵ پزیشکێکدا کردووە و  لە کاتی شەڕی ناوخۆی ئیسپانیا لەگەڵ هاوسەرەکەی لە نەخۆشخانەیەکدا وەک پەرستار کاری کردووە و ئەو دوو هاوسەرە سێ منداڵ و ١١ نەوە و ١٣ نەوەی نەوەیان هەبووە و لەم ساڵانەی دواییدا لە خانەی بەساڵاچووان دەژیا.

 ماریا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیاکانی ئیسپانیا دانی بەوەدانا، کە تا تەمەنی ١١٧ ساڵی نەیزانیوە چۆن توانیویەتی بژی و وتویەتی"هیچ شتێکی تایبەتم نەکردووە بۆ ئەوەی بگەمە ئەم تەمەنە".

ڕۆژنامەی ئێل پایس-ی ئیسپانی ڕایگەیاندووە"کە نزیکەی ٢٠ هەزار کەس لە ئیسپانیا دەژین، کە تەمەنیان لە سەرووی ١٠٠ ساڵەوەیە، کە ٧٠٠ کەسیان تەمەنیان لە سەرووی ١١٠ ساڵەوەیە".



PM:10:30:20/08/2024