چەند پسپۆڕێكی ئەمریكی توێژینەوەیەكی نوێیان لەسەر جگەرەی ئەلەكترۆنی ئەنجامداوە و بۆیان دەركەوتووە، ئەگەری ئالودەبوون بەو جۆرە جگەرەیە كەمترە بە بەراورد بە جگەرەی ئاسایی.
توێژینەوەكە لەلایەن پسپۆڕانی زانكۆی پەنسلڤانیاوە ئەنجامدراوە و باس لەوە دەكات ئەو كەسانەی جگەرەی ئەلەكترۆنی دەكێشن حەزیان بۆ كێشانی ئەو جۆرە جگەرە كەمترە بە بەراورد بەو كەسانەی جگەرەی ئاسایی دەكێشن، ئەمە وادەكات ئەو كەسانە كەمتر توشی هەڵچوون و توڕەی ببن بەهۆی پێویستیان حەزیان بۆ جگەرەكێشان.
بەڕای پسپۆڕەكان ئەو كەسەی جگەرەیەكی ئەلەكترۆنی دەكێشێت دوای 45 خولەك دووبارە جگەرە ئەلەكترۆنییەكە دەكێشێتەوە، بەڵام ئەو كەسانەی جگەرەی ئاسایی دەكێشن، دووای تێپەڕبونی 27 خولەك جگەرەیەكی دكە دادەگیرسێنن.
توێژینەوەكە ئەوەش ناشارێتەوە كە جگەرەی ئەلەكترۆنی هاوشێوەی جگەرەی ئاسایی چەندین ماددەی زیاد بەخشی تێدایە و ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە زیاد دەكات.