ئەم سودەی نەستەلە هەمووان توشی سەرسوڕمان دەكات

بەپێی ئەنجامی توێژینەوەیەكی ئیسپانی خواردنی نەستەلە سودێكی زۆری بۆ دابەزاندنی كێشی لەش هەیە و هۆكارێكە بۆ تواندنەوەی چەوری ناوچەی ورگ بەتایبەتی، هەرچەندە بڕێكی زۆر لە یەكەی گەرمۆكە لە پێكهاتەكەیدایە.
توێژینەوەكە لەلایەن چەند پسپۆڕێكی زانكۆی مەدرید لەسەر زیاتر لە هەزار كەسی تەمەن جیاواز ئەنجامدراوە، كە دابەشكراون بەسەر سێ گروپدا و هەر گروپە جۆرە خۆراكێكی جیاوازیان دراوەتێ.
گروپی یەكەم خۆراكەكانیان تەندروست بوون و لەو خۆراكانە پێكهاتوون كە بۆ دابەزاندنی كێش بەركادێت، گروپی دووەم تایبەت خۆراكەكانیان مام ناوەند بووە لەڕووی چەوری و یەكەی گەرمۆكەوە، هەروەها گروپی سێهەم خۆراكەكانیان هاوشێوە گروپی یەكەم بووە، بەڵام ڕۆژانە نەستەلەیان خواردووە.
پاش ساڵێك لە چاودێری بەردەوام توێژەرەكان بۆیان دەركەوتووە كە بەشداربوانی گروپی سێهەم بڕێك زیاتر لە چەوریان لەدەستداوە بە بەراورد بە دوو گروپەكەی دیكە، بەجۆرێك ئەو گروپە ناوەندی ئەو كێشەی لەدەستیانداوە 3.8 كیلۆ بووە، ئەمە جگە لەوەی ماسولكەكانی سكیان بەهێزتربووە.
سەرپەرشتیارانی توێژینەوەكە هۆكاری ئەو كاریگەرییەی نەستەلە دەگێڕنەوە بۆ بونی ماددەی سیۆبرۆمین لە پێكهاتەكەیدا كە هاوشێوەی كافەینە، بەڵام كاریگەرییەكانی هێواشترە لەسەر مرۆڤ.
بەپێی توێژینەوەكە ماددەی سیۆبرۆمین بەشداری دەكات لەو كرداری شیكردنەوەی خۆراك و سوتاندنی چەوری، هەروەها یارمەتی هەڵمژینی پرۆتین دەدات، ئەمانەش پێكەوە یارمەتی دابەزاندنی كێش و بەهێزكردنی ماسولكەكان دەدەن.
توێژەرەكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە نەستەلە بڕێكی زۆر لە یەكەی گەرمۆكە لە پێكهاتەكەیدایە، بۆیە گەر ڕۆژانە زیاتر لە 30 گرام بخورێت كاری خۆی بە باشی ناكات و هۆكارێك دەبێت بۆ زیادبونی كێشی لەش.



PM:12:37:19/02/2015