خۆڵبارانی عیراق چەند سەربازێك توشی نەخۆشییەكی تەمومژاوی دەكات

بەگوێرەی لێكۆڵینەوەیەكی نوێ، تیتانیۆم و چەند كانزایەكی تری دۆزراوە لەناو تەپوتۆزی بنكەیەكی سەربازی عیراق، پەیوەندی بەو تەپوتۆزەوە هەیە كە لەسییەكانی شەش سەربازی نەخۆشدا بەدیكراوە.
ئەنتۆنی سزما كە پرۆفیسۆرێكی یاریدەدەرە لەسكوڵی ستۆنی بروك بۆ زانستی پزیشكی كە تایبەتە بە نەخۆشییەكانی سی و هەستیاری، رایگەیاند: "پاش پشكنینی چەند نەخۆشێك تیتانیۆممان لەهەمویاندا بەدیكردووە". "ئەو تەپوتۆزە لەهەمان ئەو تەپوتۆزە چووە كە لەكامپی ڤیكتۆری لەعیراق كۆمانكردووەتەوە".
بەگوێرەی سزما، جیاوازی ئەو تەپوتۆزە لەتەپوتۆزەكانی تر ئەوەیە كە سییەكانی مرۆڤ ناتوانن لەڕێگەی كرداری بەرگریی سروشتییەوە خۆیانی لێ رزگاربكەن. تەپوتۆزی عیراق ئاسن و مسی تێكەڵەو كریستاڵی جەمسەردار لەسییەكاندا دروستدەكات. گەردەكانی ئەو تەپوتۆزانە كە هەریەكێكیان بەقەدەر تاڵەمویەكی مرۆڤ دەبێت، لێواری تیژی هەیە. "ئەو كەسانە بەڕێژەیەكی زۆر نەك كەم كانزانیان هەڵمژیوە".
سزما كە سەرۆكایەتیی عیادەی هەستیاریش دەكات لەسەنتەری پزیشكی كاروباری جەنگاوەر لەشاری نۆرسپۆرت لەویلایەتی نیۆرك وتیشی: "هەموو جەنگاوەرە دێرینەكان بەهۆی توشبونیان بەتەنگەنەفەسییەوە داوای یارمەتییان كردووە". پشكنینەكان دەریانخستووە كە دەیان كەس توشی تەسكبونەوەی بۆرییەكانی هەناسەو بچوكترین رێڕەوەكانی سی بون كە بەشێوەیەكی گشتی مرۆڤ تەنها پاش بەركەوتن بە ژەهری ژینگەیی توشی دەبێت یان ئەو نەخۆشانەی چاندنی سییان كردووە.
بەگوێرەی سزما كە لێكۆڵینەوەكەی لەكۆڕێك سەبارەت بە تەندروستیی سی بڵاودەكاتەوە، چەندین تیۆر هەن سەبارەت بەوەی بۆچی تەپوتۆزەكە جیاوازە.
رەنگە بەهۆی ئەو چاڵی سوتاندنانەوە دروستبوبێت كە بۆ لەناوبردنی هەموو شتێك دروستكراون وەك پۆلیسترین و ئۆتۆمبێل و كۆمپیوتەرو كەرەستە سەربازییە نەتەقاوەكان لەهەردوو وڵاتی عیراق و ئەفغانستان. لەبنكەی ئاسمانی بەلەد لەعیراق كرێكاران رۆژانە 240 تۆن پاشەڕۆیان لەچاڵێكی كراوەدا سوتاندووە كە تەنها میلێك لەبارەگای خەوتنی سەربازەكانەوە دوربووە.
ئەنتۆنێتا گاتی كە ئەندامێكی لیژنەی زانستیی ئیتاڵییە بۆ بەرگرتن و كۆنتڕۆڵكردنی نەخۆشی لەناو سەربازانی وەزارەتی بەرگریی ئەو وڵاتەو پسپۆری بواری كێشە نانۆگەردییەكانە دەڵێت: رەنگە رودانێكی سروشتی بێت یان رەنگە بەرهەمی جەنگی 1991ی كەنداوی فارس بێت كە ئەوكاتە موشەكەكانی عیراق و بۆمبەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكان تەپوتۆزو كانزایان تێكەڵكرد.
سزماو تیمەكەی پشكنینی شانەی سییەكانیان لەتاقیگە نیشتمانییەكانی وەزارەتی وزە ئەنجامداوەو لەهەر نمونەیەكدا كریستاڵێكی پیشانداوە كە تەپوتۆزی لەناودا بووە.
پاش خستنەبەری چەند مشكێك بۆ چەند نمونەیەكی هەمان تەپوتۆز، مانگی ئازاری رابردوو تیمەكەی سزما لێكۆڵینەوەیەكیان لەبڵاوكراوەی Journal of Occupational and Environmental Medicine بڵاوكردەوە. مشكەكان  هەمان ئەو هەوكردنەی سییان تێدا پەیدابوو كە لەمرۆڤەكاندا بینراون لەوانە نەمانی توانای فڕێدانی كریستاڵەكان بۆ دەرەوەی سییەكان. هەر بەهۆی ئەو تەپوتۆزەوە ژمارەی خانەكانی خڕۆكە سپییەكان، بەڕێژەی لەسەدا 30 بەبەراورد بەپێش بەرخستنەكە دابەزین. خانەكانی خڕۆكە سپییەكان كلیلی خانەكانی خوێنن لەبەرگریدا.
سزما دەڵێت:"ئەو خانانەی بەرگری لەخانەكانی سی دەكەن ناتوانن تیتانیۆم قوتبدەن یان هەرسی بكەن". "ئەم تەپوتۆزە لەهی تر جیاوازە". "تیتانیۆم و ئاسن هەردوكیان پەیوەندییان بە بون بەڕیشاڵی سی و بەرزبونەوەی فشاری خوێنی سی هەیە لەمرۆڤدا".
مانگی رابردوو وەزارەتی بەرگری راپۆرتی تەندروستیی ساڵانەی بڵاوكردەوە. شیكردنەوەی راپۆرتەكانی 2001 بۆ 2013ی رۆژنامەی USA TODAY و داتاكانی وەزارەتی بەرگری پیشانی دەدەن كە ژمارەی ئەو كەسانەی توشی نەخۆشییەكانی كۆئەندامی هەناسەو سنگ بون لە 406 كەسەوە لەهەر 10 هەزار كەسێك لەساڵی 2001 بۆ 744 لەهەر 10 هەزار كەسێك لەساڵی 2013 بەرزبووەتەوە.
نەخۆشی درێژخایەنی داخرانی سی كە نەخۆشییەكە هەمیشە پەیوەندی بە جگەرەكێشانەوە هەیەو توشی ئەو كەسانە دەبێت كە تەمەنیان لەسەروو 40 ساڵەوەیە، بەڕێژەی 98 كەس لەهەر 10 هەزار كەسێك لەساڵی 2001 بۆ 147 كەس لە 2013 بەرزبووەتەوە. ئەم رێژەیە لەساڵی 2009دا بەرزتربووە كە گەیشتووەتە 218 كەس.
"هەموو نەخۆشییەكانی تری كۆئەندامی هەناسە" لە 150 توشبووەوە لەهەر 10 هەزار كەسێك لەساڵی 2001 بۆ 273 كەس لە 10 هەزار كەسێك لە 2013 زیادیكردووە.
راپۆرتێكی سەنتەری چادوێری تەندروستیی هێزە چەكدارەكانیش لەساڵی 2012 پیشانیداوە كە پێش شەڕی عیراق و ئەفغانستان لەهەر هەزار سەردانێكی عیادە پزیشكییەكان 150یان بەهۆی نەخۆشییەكانی هەناسەدانەوە بووە، بەڵام ئەم رێژەیە لەكاتی شەڕەكەدا بۆ 173 بەرزبووەتەوە.
لێكۆڵینەوەكەی سزما پیشانیداوە كە لەسەدا 14ی ئەو سەربازانەی لەعیراق یان ئەفغانستان بڵاوەیان پێكراوە، كێشەی هەناسەدان لەوانە تەنگەنەفەسی، كۆكە، سنگتوندی، زیخەزیخی سەرسنگیان، هەبووە.



وەرگێڕانی لەئینگلیزییەوە/ والی شێخ عەلی
سەرچاوە/ usatoday.com




PM:01:46:09/06/2014