یانەی بەرشەلۆنە لویس سوارێزی بەكەناڵەكانی راگەیاندن ناساند تیایدا نرخی راستەقینەی ئەو یاریزانەشی ئاشكراكرد و سوارێزیش باسی چەند نهێنیەكی كرد
دوای ئەوەی سزاكەی فیفا لەسەر سوارێز كەمكرایەوەو بەشداری جامی خوان گامبەری كرد، ئەو یانە كەتەلۆنیە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی بۆ هێرشبەرە نوێیەكی ئەنجامداو تیایدا درێسی ژمارەی 9 ی بەرز كردەوە.
لەو كۆنگرەیەدا جێگری سەرۆكی یانەی بەرشەلۆنە نرخی راستەقینەی سوارێزی ئاشكراكرد كە پێشتر باس لەوەدەكرا بە 75 ملیۆن پاوەند (88 ملیۆن یۆرۆ) هاتبێتە بەرشەلۆنە، ناوبراو وتی "یانەی لیڤەرپوڵ سەرەتا داوای پارەی شكاندنی بۆندەكەیان دەكرد كە 75 ملیۆن پاوەند بوو بەڵام دواتر بە 65 ملیۆن پاوەند (77 ملیۆن یۆرۆ) گەشتینە رێكەوتن".
لەلای خۆشیەوە لویس سوارێز رایگەیاند "لەمنداڵیەوە خەونی ئەوەم هەبوە یاری بۆ بەرشەلۆنە بكەم، كاتێكیش ئەو هەلەم بۆ رەخسا نەمهێشت لەدەستم بڕوات"، پاشان سەبارەت بە سزاكەس فیفا لویس وتی "هەڵەیەكم كردو سزاكەیم وەرگرت و پاشانیش داوای لێبوردنم لەهەموو لایەك كرد و ئێستاش تەنها بیر لە داهاتوو دەكەمەوە".
لەدرێژەی لێداوانەكانیدا سوارێزی ئەوەشی نەشارەدەوە كە یانەی ریاڵ مەدرید و چەند یانەیەكی بەهێزی تر هەوڵی دەستەبەركردنی تواناكانیان داوە بەڵام بۆ ئەو بەرشەلۆنە پێش هەمویان بوە. ماوەتەوە بڵێین پێویستە هاندەرانی بەرشەلۆنە تا كۆتایی مانگی 10 چاوەڕوانبن تاكو سوارێز لەیاری فەرمی دەبینن لەگەڵ بەرشەلۆنە.
ئا: چێنەر عەبدول قادر