ڕۆناڵدۆ فڕۆکە تایبەتەکەی دەفرۆشێت

 ڕۆژنامەی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ"ی ئیسپانی بڵاویکردەوە، کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی، هێرشبەری نەسری سعودی، سەرکەوتوو بووە لە دۆزینەوەی کڕیارێک بۆ فڕۆکە تایبەتەکەی، ئەوەش دوای چەند مانگێک لە پێشکەشکردنی بۆ فرۆشتن.

 کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ لە مانگی ئەیلولی ساڵی ڕابردوودا فڕۆکە تایبەتەکەی پێشکەش بە فرۆشتن کرد، چونکە ویستی فڕۆکەیەک بکڕێت کە تایبەتمەندی باشتری هەبێت.

  ڕۆژنامەی کەتەلۆنی "مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ" ئاشکرای کردووە کە ڕۆناڵدۆ دواجار گەیشتووەتە کڕیارێک بۆ فڕۆکە تایبەتەکەی "گولستریم جی ٢٠٠" کە تەنها ٢٥٠ دانەی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە.

 بەگوێرەی ڕۆژنامە کەتەلۆنییەکە، درێژی فڕۆکەکە 7.4 مەتر و پانییەکەی 2.19 مەتر و بەرزییەکەی 6.53 مەتر دەبێت.

 ئەم فڕۆکەیە لە کاتی کڕینی لە ساڵی ٢٠١٥ کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ بڕی ٢٠ ملیۆن یۆرۆی تێچووە، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕە نەزانراوە کە لە ساڵی ٢٠٢٣دا بۆی فرۆشتووە.

 ئەم فڕۆکەیە جگە لە بوونی کابینەیەکی گشتگیر توانی 10 کەس هەڵبگرێت، لەکاتێکدا زۆرترین خێراییەکەی دەگاتە 560 میل لە کاتژمێرێکدا.

 جگە لەوەش فڕۆکەکەی ئەستێرە پورتوگالییەکە بە وردەکارییەکانی دیکە جیاکرایەوە، بەو پێیەی زۆر فراوان بوو و ساردکەرەوە و مایکرۆوەیڤ و فڕنی کارەبایی و وای فای و تەلەفۆن و سیستەمی مالتیمیدیای تێدابوو.

 جێگای سەرنجە کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی تەمەن 37 ساڵ بە گواستنەوەی بێ بەرامبەر ڕووی لە ڕیزەکانی یانەی نەسر کرد، دوای ئەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ مانچستەر یونایتد بە ڕەزامەندی هەردوولا کۆتایی هات.



PM:07:12:30/01/2023