فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ڕیال مەدرید دووپاتیکردەوە کە گرێبەستی گواستنەوەی خۆسێلۆی هێرشبەری یانەی ئیسپانیۆل دوا گرێبەست دەبێت بۆ مێرەنگی لە بازاڕی هاوینەدا.
گرتە ڤیدیۆیەکی پێرێز بڵاوکرایەوە، پرسیاری لێکرا "ئایا گرێبەستەکەی خۆسێلۆ ئەنجامدراوە؟"، پێرێز لە وەڵامدا وتی "بەڵێ، هەفتەی داهاتوو لەگەڵمان دەبێت".
پرسیار لە پێرێز کرا کە ئایا گرێبەستی زیاتر لە دوای خۆسێلۆ هەیە، سەرۆکی ڕیال مەدرید وەڵامی دایەوەو وتی: نەخێر.
ڕۆژنامەنووسی ئیتاڵی فابریزیۆ ڕۆمانۆ لە تویتەر نووسیبووی: ڕیاڵ مەدرید بە فەرمی واژۆی خۆسێلۆی هێرشبەری ئیسپانیۆلی کردووە، خۆسێلۆ بە خواستن پەیوەندی بە ڕیاڵ مەدریدەوە دەکات تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٤، لەبەرامبەردا ٥٠٠ هەزار یۆرۆ بە ئیسپانیۆل دەدات.
ڕوونیشی کردەوە کە بژاردەی کڕینی نا ناچاری هەیە بە بڕی ملیۆنێک و 500 هەزار یۆرۆ، خۆسێلۆش مووچەکەی کەم دەکاتەوە.
یانەی ڕیال مەدرید فران گارسیای لە جیرۆنا و ئیبراهیم دیازی لە میلانۆ هێنایەوە و جود بێلینگهام یاریزانی ئینگلیزیشی هێنایە ریزەکانی
یانەی ڕیال مەدرید کەریم بنزیمە و مارکۆ ئاسێنسیۆ و ئیدن هازارد و ماریانۆ دیازی فرۆشتووە.
پێدەچێت ڕیال مەدرید لەم هاوینە یان هاوینی داهاتوو گرێبەست لەگەڵ کیلیان مباپێ بکات.
مباپێ ڕایگەیاندبوو کە ئیدارەی یانەکەی پاریس سانجێرمان ئاگادارکردووەتەوە کە تا مانگی حوزەیرانی ٢٠٢٥ بڕگەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە کارا ناکات.
ئەمەش بەو مانایەیە کە گرێبەستی نێوان هەردوولا لە ساڵی ٢٠٢٤ کۆتایی دێت، بەو پێیەی یاریزانەکە دووپاتی کردەوە کە وەرزی داهاتوو لەگەڵ پاریس سانجێرمان یاری دەکات.