ڕیال مەدرید بەردەوامە لەفرۆشتنی یاریزان و بەدەستهێنانی پارە

پێگەی بێرنابیۆ دیجیتاڵ بڵاویکردەوە، یانەی ڕیال مەدرید لە هەموو کاتێک چالاکترە لە بازاڕی گواستنەوەکاندا، دوایین هەواڵەکانیش پەیوەندییان بە تیپی یەکەمەوە هەیە لەگەڵ ڕۆیشتنی پشتڕاستکراوی ناچۆ فێرناندێز و خۆسێلۆ ، بەڵام ڕۆیشتنی ئەو هێرشبەرە تەنها ئەوە نەبوو کە دوێنێ ڕاگەیەندرا.


 سەرچاوە ئیسپانییەکە تەنها چەند کاتژمێرێک پێش ئێستا ئەو قسەیەی پشتڕاستکردەوە.  یاریزانە لاوەکە ئەلێکس خیمینێز مێژوویی بۆ یانەکە تۆمارکرد، بەتایبەتی کە ئەو یاریزانە بوو لە لافابریکاوە زۆرترین پارەی بۆ یانەکەی بەجێهێشت بەبێ ئەوەی یەکەم یاری خۆی لەگەڵ تیپی یەکەم ئەنجام بدات، کە بڕەکەی 7ملیۆن یۆرۆ بوو.

  جگە لەوەش یانەکە دەتوانێت 20 ملیۆن یۆرۆی دیکە بەدەستبهێنێت بۆ یاریزانێک کە لەڕێگەی ئەکادیمیای لاوانەوە هاتبێت.


 باس لە میگێل گوتیرێز دەکرێت، کە ڕەنگە لەم هاوینەدا جیرۆنا جێبهێڵێت، چونکە دوو یانە ئارەزوویان بۆ گواستنەوەی بەرگرییە چەپەکەیان نیشانداوە. نرخی هەڵوەشانەوەی  گرێبەستەکەی دەکاتە 35 ملیۆن یۆرۆ، ڕیاڵ مەدریدیش خاوەنی 50%ی مافەکانییەتی.  بەم شێوەیە لە ئەگەری فرۆشتنی بە یانەیەکی دیکە، دەستەی کارگێڕی مەدرید نزیکەی 17 ملیۆن یۆرۆ بۆ ڕۆشتنی وەردەگرێت.


 بۆلۆنیا و مانچستەر یونایتد ئەو دوو یانەیەن کە ئارەزووی گواستنەوەی یاریزانە پێشووەکەی مەدریدیان نیشانداوە، چونکە میگێل گوتیرێز ئەگەری هەیە ئیسپانیا بەجێبهێڵێت و بەرەو ئیتاڵیا یان ئینگلتەرا بڕوات.  ئەمەش هەنگاوێکە کە سوودێکی زۆر بە خەزێنەی یانەکە دەگەیەنێت.


PM:05:48:29/06/2024