خۆرخی مێندێز، بریکاری ئەستێرە لامین یامال، داواکارییەکی پێشکەش بە ئیدارەی بەرشەلۆنە کرد، دوای درەوشاوەیی ئەو یاریزانە گەنجە لە کاتی پێشبڕکێکانی یۆرۆی ٢٠٢٤.
یەمال ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە بردنەوەی جامی نەتەوەکانی ئەوروپا بۆ هەڵبژاردەی ئیسپانیا، هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزانی لاوی پاڵەوانێتییەکەشی بەدەستهێنا.
بەگوێرەی ڕۆژنامەی "سپۆرت"، مێندێز بەدوای دەستکاریکردنی بەپەلە مووچەی ئەو یاریزانە تەمەن ١٧ ساڵەدا دەگەڕێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەرشەلۆنە ڕێککەوتنی هەیە بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی یەمال تا ساڵی 2030، گرێبەستەکەی ئێستاش بەفەرمی لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت، بەڵام لەکاتی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکە بەشێوەیەکی ئۆتۆماتیکی درێژدەکرێتەوە، بەڵام مێندێز دەیەوێت لەئێستادا مووچەی یاریزانەکە زیاد بکات.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی بەرشەلۆنە زۆر دڵخۆشە بە درەوشاوەیی یامال، سەرەڕای کێشە ئابوورییەکانی یانەکە، بەنیازە دەستکاری پێویست بکات بە شێوەیەکی ڕەزامەندی هەموو لایەنەکان.