فابینهۆ: ئۆفەرەکەی سعودیە بۆ ڤینیسیۆس ڕەتناکرێتەوە

فابینیۆی بەڕازیلی، یاریزانی یانەی ئیتیحاد جدە، پێی وایە ئەو ئۆفەرەی سعودییەکان ​​پێشکەشی ڤینیسیۆس جونیۆری هاونیشتیمانی، ئەستێرەی یانەی ڕیال مەدریدی کردووە، ناتوانرێت ڕەت بکرێتەوە.

 ڕاپۆرتەکان چەند هەفتەیەک لەمەوبەر ڕایانگەیاندبوو کە ڤینیسیۆس ئۆفەرێکی سعودی وەرگرتووە بە بەهای زیاتر لە ملیارێک یۆرۆ، لە نێوان مووچە و هاندان، لە ماوەی ٥ ساڵدا.

 فابینیۆ لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی وەرزشی باندی بەڕازیلی وتی، "لە یانەکەماندا باسمان لە ئۆفەرەکەی ڤینیسیۆس جونیۆر کرد کە سەرسوڕهێنەرە و لە خەیاڵدا نایەت.

 جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەمە ئۆفەرێکە کە ناتوانرێت ڕەت بکرێتەوە.

 ڤینیسیۆس جونیۆر گرێبەستی لەگەڵ یانەی ڕیال مەدرید تا ساڵی 2027 هەیە، ئەمە جگە لەوەی بڕگەی ئازادکردنی یەک ملیار یۆرۆیە.

 یاریزانە باڵە بەڕازیلییەکە بە درێسی مێرینگەوە 266 یاری ئەنجامداوە، و سەرکەوتوو بووە لە تۆمارکردنی 83 گۆڵ، جگە لەوەی 77 ئەسیستیشی تۆمارکردووە.


PM:11:31:21/08/2024