لە یاریی نێوان یانەی سەنداونزی ئەفریقای باشوور و ئولسان هیوندای کۆریای باشوور لە جامی جیهانی یانەکانی 2025 لە ئەمریکا، ناوبژیوان یاسایەکی نوێی بۆ یەکەمجار لە مێژوودا جێبەجێکرد.
لە جەولەی یەکەمی کۆمەڵەی چوارەمدا یانەی سەنداونز بە ئەنجامی 1-0 لە ئولسان هیۆندای بردەوە.
لە خولەکی 84ی یارییەکەدا کلیمنت تۆرپین ناوبژیوانی فەرەنسی لێدانێکی گۆشەی بە یانەی ئولسان هیوندای بەخشی دوای ئەوەی ڕۆنوێن ویلیامز گۆڵپارێزی یانەی سەنداونز بۆ ماوەی هەشت چرکە تۆپەکەی راگرت و ئەو سنوورەی تێپەڕاند کە بەپێی یاسا نوێیەکە ڕێگەی پێدراوە.
یاسا نوێیەکە جێگەی یاسای پێشوو دەگرێتەوە کە پێشتر شەش چرکە مۆڵەتی بە گۆڵپارێزەکان دەدا بۆ ئەوەی تۆپەکە لێبدات،ئەگەر جێبەجێی نەکردایە لێدانی ناڕاستەوخۆ دەدرا بە تیپی بەرامبەر.
بەپێی یاسا نوێیەکە، گۆڵپارێزەکان دوای پێنج چرکە لەلایەن ناوبژیوانەوە ئاگادار دەکرێنەوە، کە بە پەنجەکانی دەستی ژماردنەکە دەکات، ئەگەر گۆڵپارێز هشتنەوەی تۆپەکە لەلای گەیشتە هەشت چرکە لێدانی گۆشە دەدرێت بە تیپی بەرامبەر.