یوفا سزای ڕاگرتنی پرێستیانی بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید چەسپاند

بۆردی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا (UEFA) بڕیاری کۆتایی خۆیدا سەبارەت بە ڕاگرتنی "جیانلوکا پێرستیانی" یاریزانی باڵی یانەی بێنفیکا، بەمەش ناوبراو لە یاری گەڕانەوەی خولی پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەرامبەر ڕیاڵ مەدرید بێبەش دەبێت. 

ئەم بڕیارە دوای ئەوە هات کە تانەی یانەکە (ئیستئناف) تەنیا چەند کاتژمێرێک پێش دەستپێکردنی یارییەکە ڕەتکرایەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی کەیسێکی پەیوەست بە تۆمەتی ڕەفتاری ڕەگەزپەرستی بەرامبەر بە ڤینیسیۆس جۆنیۆر لە یاری چووندا.


بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، پڕێستیانی لە یارییەکەدا بەردەوام بوو کە تێیدا یانەکەی بە ئەنجامی 1 - 0 دۆڕا، بەڵام یارییەکە بۆ ماوەی نزیکەی 10 خولەک بەپێی پڕۆتۆکۆڵی یوفا ڕاگیرا. ئەمەش دوای ئەوە هات کە ڤینیسیۆس لەکاتی ئاهەنگگێڕان بە گۆڵەکەی لە نزیک ئاڵای کۆرنەر، ناڕەزایەتی لای ناوبژیوان "فرانسوا لوتیکسیێر" دەربڕی سەبارەت بەو قسانەی لە ناوەڕاستی یاریگادا ئاراستەی کرابوون.


 یوفا ئاماژەی بەوە کردووە کە ڕاگرتنی یاریزانەکە تا ئێستا بە شێوەیەکی کاتییە و چاوەڕێی تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان دەکەن، لەگەڵ ئەگەری توندکردنی سزاكە لە داهاتوودا.


 ڕاهێنەری بێنفیکا، "خۆسێ مۆرینیۆ ڤینیسیۆسی بەوە تۆمەتبار کرد کە بەهۆی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەیەوە بووەتە هۆی دروستبوونی ئەو دۆخە. دواتر مۆرینیۆ خۆیشی بۆ یاری گەڕانەوە ڕاگیرا، ئەمەش بەهۆی لێدوانە توندەکانی دژی ناوبژیوانان.



 



PM:09:11:25/02/2026