ئاربیلۆا، ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ئامادەکارییەکانی تیمەکەی بۆ یاریی لوتکەی ئەمرۆ بەرانبەر مانچستەر سیتی و دوایین زانیاریی دەربارەی دۆخی یاریزانە ئەستێرەکانی ئاشکرا کرد.
مباپێ دەگەڕێتەوە و بێلینگهام دادەبڕێت
ئاربیلۆا دووپاتی کردەوە کە کیلیان مباپێ بۆ یارییەکەی سبەی ئامادەیە و دەتوانێت بەشداری بکات، ئاماژەی بەوەش کرد کە بوونی ئەو "تایبەتمەندی جیاواز" دەبەخشێتە تیمەکە و بە باشی لەگەڵ شێوازی یارییەکە دەگونجێت.
لە بەرانبەردا، ڕایگەیاند کە بێلینگهام سبەی بەردەست نابێت، هەرچەندە لە گەڕانەوە نزیکبووەتەوە و یەکێک دەبێت لە سەرکردە گرنگەکانی تیمەکە لە داهاتوودا.
پلان و ستراتیژی یارییەکە
ڕاهێنەرەکەی شاهانە ئاماژەی بەوە کرد کە بە هەمان تیمی یاریی چوونەوە دەچنە ناو یاریگا و ئامانجیان تەنها بردنەوەیە.
وتیشی: "پێویستمان بە سادەیی، تەماح و پابەندبوونێکی زیاترە لە یاریی چوون، چونکە ئەرکەکەمان ئاسان نابێت و دەبێت وەک یەک تیم بۆ بردنەوە بجەنگین."
دەربارەی گواردیۆلا و سیتی
سەبارەت بە ئەنجامنەدانی مەشق و ڕاهێنان لەلایەن مانچستەر سیتییەوە، ئاربیلۆا وتی: "ئەمە بۆ ئەوان شتێکی نوێ نییە. گواردیۆلا 987 یاری ئەزموونی هەیە و من ئامۆژگاری ناکەم. ئەوان تیپێکن ساڵانێکی درێژە پێکەوەن و زۆر باش یەکتر دەناسن."
داهاتووی لەگەڵ ڕیاڵ مەدرید
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە مانەوەی لە پۆستەکەیدا بۆ وەرزی داهاتوو، ئاربیلۆا وتی: "ئەمە کۆتا شتە بیری لێ بکەمەوە،گرنگترین شت لای من ئەوەیە جۆش و خرۆش بۆ هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید بگەڕێنینەوە. تا ئەو کاتەی یانەکە پێویستی پێم بێت، لێرە دەبم و بە دڵخۆشییەوە کار دەکەم."