پێش یاری بەرەبەیانی چوارشەممە لە کاتژمێر6:00،گراهام ئارنۆڵد راهێنەری عێراق قسەی بۆ میدیاکان کردوو باسی لە یاریەکەی بەرامبەر بۆلیڤیا کرد کە براوەیان راستەوخۆ دەگاتە مۆندیال.
ئەمە لێدوانەکانی راهێنەری بۆلیڤیایە.....
گراهام ئاڕنۆڵد:
من ئێستا باشترین لیستی یاریزانانم هەیە لەو کاتەوەی گەیشتوومەتە عێراق، هەموویان باشن و لەوپەڕی توانای جەستەییدان. بەداخەوە بەهۆی یاساکانی فیفاوە دەبێت ئەمشەو 5 یاریزان دووربخەمەوە. هێشتا بیر لەوە دەکەمەوە کێ بن، ئەمەش بۆ من تەحەدایەکە.
ڕات چییە لەسەر هەڵبژاردەی بۆلیڤیا وەک یاریزان و ئاست، دوای یارییە سەرنجڕاکێشەکەیان بەرامبەر سورینام؟
گراهام ئاڕنۆڵد:
هەڵبژاردەی بۆلیڤیا وزەیەکی زۆریان هەیە و پێکهاتەکەیان لە گەنجان دروستکراوە. بەڵام ئێمەش هەڵبژاردەیەکین کە ئارەزوویەکی زۆرمان هەیە و یاریزانی خاوەن ورەی بەرزمان هەیە. من پێویستم بە یاریزانی بەرپرسیار و خاوەن ئەزموون هەیە لەناو یاریگادا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بۆلیڤیا.
گراهام ئاڕنۆڵد:
جێگەی خۆشحاڵیمە کە ڕاهێنەرایەتی هەڵبژاردەی عێراق دەکەم، زۆر سوپاسگوزاری ئەم ئەزموونەم و نوێنەرایەتیکردنی 47 ملیۆن عێراقی دەکەم. لەو کاتەوەی ڕاهێنەر بووم لە ئوسترالیا، سەرسام بووم بەم هەڵبژاردەیە. ئێستاش بەرپرسیارێتی تەواو هەڵدەگرم بۆ گەیاندنی هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیال.
گراهام ئاڕنۆڵد:
هەڵبژاردەی بۆلیڤیا 3 ڕۆژ لەمەوبەر یاری کردووە، بەڵام ئێمە هێشتا هەلی ئەوەمان بۆ نەرەخساوە لە یارییەکی دۆستانە یان فەرمیدا یاری بکەین. ئەو هەڵبژاردەیەی باشتر یاری دەکات کۆنترۆڵی ڕیتمی یارییەکە دەکات. ساتگەلی یەکلاکەرەوە لە یارییەکەدا دەبن، من هەمیشە یارییەکە دابەش دەکەم بۆ 10 خولەکی یەکەم، پاشان 20، پاشان 45، پاشان 50 و هتد.. تا دەگاتە کاتە زیادکراوەکان و کۆتایی یارییەکە.
جەنگی بەردەوامی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تا چەند کاریگەری هەبووە لەسەر یاریزانانی عێراق و هەڵبژاردەکە بە گشتی، بەتایبەت ئەوانەی لە ناو عێراق دەژین؟
گراهام ئاڕنۆڵد:
بێگومان کارەکە بۆ ئەوان و بۆ منیش سەخت بووە. بەڵام ئێمە سەرنج ناخەینە سەر هەواڵەکان و تەنها دەمانەوێت کارەکەی خۆمان ئەنجام بدەین، ئەگەر تەرکیز بکەینە سەر ئەوە و کاتژمێر بە کاتژمێر چاودێری هەواڵەکان بکەین، ئەوا لە ڕووی دەروونییەوە تێکدەشکێین. بۆیە من یاریزانەکان قەدەغە دەکەم لە پەیوەندیکردن لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.
ئایا بۆلیڤیا لە ڕووی ئامادەکارییەوە لە پێشترە، ئایا ئەوان پاڵێوراون بۆ سەرکەوتن لە یارییەکەی سبەینێدا؟
گراهام ئاڕنۆڵد:
دەتوانین بە دوو شێوە شیکردنەوە بۆ بابەتەکە بکەین. یەکەم، بۆلیڤیا لە ئێمە باشتر ئامادەکاری کردووە و کەمپێکی مەشقی درێژتریان هەبووە، یارییەکیان بەرامبەر سورینام کرد و بردیانەوە. بەڵام لە کۆتاییدا هەر یارییە، ئێمەش لە ماوەی 7 ڕۆژی ڕابردوودا بە باشی ئامادەکاریمان کردووە. یارییەکە تەنها پشت بە لایەنی هونەری و تەکتیکی نابەستێت، بەڵکو پشت بەوە دەبەستێت کێ لە ڕووی دەروونییەوە ئامادەیە بۆ بردنەوە.
ئایا تەرکیز خراوەتە سەر یەک یاریزانی مەترسیداری بۆلیڤیا؟
گراهام ئاڕنۆڵد:
بەڕاستی دەتەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە؟ [پێدەکەنێت]
باشە، یاریزانێکی دیاریکراو نییە، هەموویان باشن و گەنجن، ئێمە تەنها تەرکیز دەخەینە سەر کۆی گروپەکە.
گراهام ئاڕنۆڵد:
سەرکەوتنی عێراق بۆ مۆندیال وڵاتەکە لە ڕووی وەرزشییەوە دەگۆڕێت، بەتایبەت لە تۆپی پێدا. من ڕاهێنەرێکم ئەزموونم لە مۆندیالدا هەیە و دەزانم عێراق تا چەند لەم بوارەدا گەشە دەکات ئەگەر سەربکەوین. شانازییە بۆ من کە سەرکردایەتی ئەم وڵاتە بکەم بۆ مۆندیال.
چی یاریزانانی هەڵبژاردەی عێراق لەوانی تر جیا دەکاتەوە؟
گراهام ئاڕنۆڵد:
خولیاو ڕۆحیەتێکی جەنگی بەرزەوە یاری دەکەن. کاتێک ڕاهێنەری ئوسترالیا بووم، لە یاریزانی عێراقیدا کوالێتی بەرز و خولیام لە هەمان کاتدا دەبینی، سەرم سوڕمابوو چۆن ناگەنە مۆندیال. ڕەنگە لایەنی تەکتیکی پێش گەیشتنی من خراپ بووبێت.
ڕات چییە لەسەر ئەوەی هاندەرانی بۆلیڤیا لە یاریگادا زیاترن لە عێراقییەکان، و مەکسیکییەکانیش هانی بۆلیڤیا دەدەن دژی عێراق؟
گراهام ئاڕنۆڵد:
دڵنیایت مەکسیک هانی بۆلیڤیا دەدات؟ [پێدەکەنێت ]پێموایە ئەوان زیاتر مەیلیان بۆ عێراق هەیە.
گراهام ئاڕنۆڵد:
کاتێک بیر لە بابەتەکە دەکەیتەوە، عێراق 21 یاری لە پاڵاوتنەکاندا ئەنجامداوە، بۆ نموونە لە ئەوروپا تەنها پێویستت بە 8 یاری هەیە بۆ ئەوەی سەربکەویت، بەڵام ئێمە دەبێت تا 21 یاری بکەین. بە هەر حاڵ، کاروانی پاڵاوتنەکانمان وانەیەکی گرنگ بە تیمەکە و یاریزانەکان دەدات.
چی گۆڕاوە لە هەڵبژاردەی عێراق لە ساڵی 2007 کاتێک پاڵەوانی ئاسیا بوو تا ئێستا لە ساڵی 2026؟
گراهام ئاڕنۆڵد:
من هەڵبژاردەی عێراقی ئەو کاتەم لەبیرە چونکە ئێمەی لە پاڵەوانێتییەکە کردە دەرەوە، بەڵام ئێستا تەنها تەرکیز دەخەمە سەر یارییەکەی سبەینێ بۆ بردنەوە، و پێویست ناکات بگەڕێینەوە بۆ دواوە.
ڕات چییە لەسەر ئامادەکارییەکانی دەوڵەتی مەکسیک و شاری مۆنتێری بۆ مۆندیالی 2026؟
گراهام ئاڕنۆڵد:
هەموو شتێک نایابە، هۆتێلەکان و ژێرخانەکە لە بەرزترین کوالێتیدان، تەنانەت کاتێک ڕۆژێکی پشووم دایە یاریزانەکان، چوونە شوێنی جیاواز و کاتیان بەسەر برد. پێموایە مەکسیک لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ میوانداریکردنی مۆندیال.
گراهام ئاڕنۆڵد:
کاتێک لە مۆندیالی ڕابردوودا لە پاشکۆ (پاشکۆی پاڵاوتن) لەگەڵ ئوسترالیا بەرامبەر پیرۆ یاریم دەکرد، فشارێکی زیاترم لەسەر بوو چونکە وڵاتەکەی خۆم یاری دەکرد. ئێستا بارودۆخەکە جیاوازە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە فشار بوونی نییە، من هەمان مامەڵە لەگەڵ عێراق دەکەم بۆ گەیشتن بە مۆندیال.