فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ڕیاڵ مەدرید، لە هەنگاوێکی چاوەڕواننەکراودا پەیامێکی توندی ئاڕاستەی ئەلێکساندەر چێڤێرینی سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا) کردووە و رایگەیاندووە کە یانەکەی خاوەنی پەڕاوێکی ئامادەکراوی تایبەتە کە ماوەی 3 ساڵە کاری وردی لەسەر کراوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی "ئاس"، ئەم پەڕاوە بەڵگەنامەیەکی گەورەیە و لە 500 لاپەڕە پێکهاتووە. ناوەڕۆکی پەڕاوەکە بە وردی تیشک دەخاتە سەر ئەو هەڵە کوشندە و بڕیارە ناڕەوایانەی ناوبژیوانان کە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا لە پاڵەوانێتییە ئەوروپییەکاندا ئاراستەی ڕیاڵ مەدرید کراون و زیانی گەورەیان بە یانەکە گەیاندووە.
سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە پێرێز دەیەوێت بەم بەڵگەنامانە یوفا بخاتە بەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی و داوای شەفافیەت لە دەستەی دادوەری بکات.
پێشبینی دەکرێت کاتی رادەستکردنی فەرمیی ئەم پەڕاوە بۆ دوای کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی یانەی ڕیاڵ مەدرید دواخرا بێت، تاوەکو پێرێز بە پاڵپشتییەکی تەواوی ئەندامانی یانەکە و بە دەسەڵاتێکی بەهێزترەوە رووبەڕووی ئەم دۆسیەیە ببێتەوە.
تا ئێستا یوفا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم هەنگاوەی ڕیاڵ مەدرید نەداوە، بەڵام چاودێران پێیان وایە ئەم دۆسیەیە رەنگە ببێتە سەرەتای ململانێیەکی یاسایی گەورە لە نێوان شاهانەکان و دەزگاکانی یەکێتی تۆپی پێی ئەوروپادا.