هاندەرانی تۆپی پێ کە دەیانەوێت کەشێکی ئاهەنگگێڕان بەسەر یارییەکانی مۆندیالدا زاڵبێت، ناچار دەبن دەستبەرداری ئامێری "ڤوڤوزێلا" ببن، دوای ئەوەی فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ (فیفا) لەو یاریگایانەی کە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک یاریەکانی مۆندیالی تێدا دەکرێت، قەدەغە دەکات، ئەمەش بەپێی کۆدی ڕەفتاری تایبەت بە یاریگاکان.
ڤوڤوزێلا، ئامێرێکی باژەنە (قۆڕی) و لە بۆرییەکی پلاستیکی درێژ دروستکراوە، وەک دیاردەیەک لە یارییەکانی تۆپی پێ لە ئەفریقای باشوور و لە مۆندیالی ٢٠١٠ی ئەفریقای باشووردا بە جیهاندا بڵاوبووەوە، بەڵام ڕەخنەی زۆری لێگیرا بەهۆی دەنگەکەیەوە کە زۆر جار لە دەنگی پوورە هەنگ دەچێت.
جگە لە ڤوڤوزێلا، بەپێی ڕێساکانی ڕەفتار کە لەلایەن فیفاوە دەرکراون، بەکارهێنانی فیکە، زوڕنای هەوایی و هەر ئامێرێکی دیکە کە دەنگەدەنگێکی زۆر (ژاوەژاو) دروست بکات، لە هەموو یاریگاکەی مۆندیالدا کە ١٦ یە قەدەغەیە.
فیفا بڕیاریشی داوە بەکارهێنانی ئەو ئامێرانەی کە تیشکی لەیزەر یان نیشاندەری لەیزەر و هەر تیشکێکی هاوشێوەیان لێ دەردەچێت، قەدەغەیە.
لیستی شتە قەدەغەکراوەکان و ڕەفتارەکان ئاماژە بەوەش دەکەن؛ کە ڕەنگکردنی جەستە و تاتۆ بە پۆشاک دانانرێن. هەروەها ڕاکردن بە ڕووتی یان نیشاندانی بەشە هەستیارەکانی جەستە قەدەغەیە.
هەروەها فیفا هێنانی ئەو بوتڵە ئاوانەی کە دەتوانرێت دووبارە بەکاربهێنرێنەوە بۆ ناو یاریگاکان لەلایەن بینەرانەوە قەدەغە کردووە، ئەمەش بەهۆی نیگەرانییەکانی بە سەلامەتی تەندروستیەوە.