7 کاتژمێر دەستبەسەرکرا و مۆبایلەکەی لێ وەرگیرایەوە.. لە فڕۆکەخانەی شیکاگۆ چی لە ئەیمەن کرا

رۆژی شەممە، شاندی هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، دوای گەشتێکی ماندووکەر کە چەند کاتژمێرێکی خایاند، گەیشتنە شاری شیکاگۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم گەشتە بەهۆی هەندێک رێوشوێنی ئەمنی کە هێرشبەری نێودەوڵەتی "ئەیمن حسێن" لە فڕۆکەخانە رووبەڕووی بووەوە، بە دواکەوتنی ناوبراو لە پەیوەستبوون بە شاندەکەوە کۆتایی هات.

​کاتێک ئەیمن حسێن گەیشتە فڕۆکەخانەی شیکاگۆ، راستەوخۆ لەلایەن دەزگاکانی کۆچبەران و ئاسایشەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی نزیکەی 7 کاتژمێر کەوتە ژێر لێکۆڵینەوە و پشکنینی وردی ئەمنی. لەم چوارچێوەیەدا، میدیاکان پشتڕاستیان کردەوە کە هێزە ئەمنییەکان لە ماوەی دەستبەسەرکردنەکەیدا مۆبایلە تایبەتەکەی یاریزانەکەیان لێ وەرگرتووە.

​کەمێک پێش ئێستا، دەسەڵاتدارانی فڕۆکەخانەی شیکاگۆ ئازادکردنی ئەیمن حسێنیان راگەیاند، ئەوەش دوای تەواوبوونی رێکارەکانی لێکۆڵینەوە و پشکنین، بەمەش رێگەی پێدرا فڕۆکەخانەکە جێبهێڵێت و بە فەرمی پەیوەست بێت بە شاندی هەڵبژاردەی عێراقەوە لە شوێنی نیشتەجێبوونیان.

​ئەم رووداوە لە کاتێکی هەستیاردایە کە شەقامی وەرزشیی عێراق چاوەڕوانی دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیال دەکەن، عێراقییەکان هیوایەکی زۆریان بە ئەیمن حسێن هەیە بۆ سەرکردایەتیکردنی هێڵی هێرشبەری "شێرەکانی رافیدەین" لە کۆمەڵەیەکی قورسدا کە هەریەکە لە هەڵبژاردەکانی نەرویج، فەرەنسا و سەنیگالی تێدایە، بە ئامانجی تێپەڕاندنی قۆناغی یەکەم.




PM:12:44:06/06/2026