لەگەڵ نزیکبوونەوەی دەستپێکی یارییەکانی مۆندیالی 2026، ناوی چەندین یاریزانی بەتوانا لە خولە گەورەکانی ئەوروپا و جیهان دەردەکەوێت کە بە رەچەڵەک کوردن و نوێنەرایەتی هەڵبژاردە جیاوازەکان دەکەن.
ئەمانە ئەو 8 ئەستێرەیەن کە چاوەڕوان دەکرێت لە مۆندیالی داهاتوودا سەرنجی جیهان بۆ خۆیان رابکێشن:
نوێنەرانی هەڵبژاردەی عێراق:
هەڵبژاردەی عێراق پشت بە کۆمەڵێک یاریزانی خاوەن ئەزموونی ئەوروپی دەبەستێت، لەوانە میرخاس دۆسکی (بەرگریکاری ڤیکتۆریا پلزنی چیكی)، یووسف ئەمین (یاریزانی ئایک لارنکای قوبرسی)، مارکۆ فەرەج (یاریزانی ڤینیسیای ئیتاڵی)، و هەروەها بەرگریکاری بەتوانای یانەی زەوڕا ئاکام هاشم، کە هەموویان لە پێکهاتەی سەرەکی هەڵبژاردەکەدا رۆڵی کاریگەریان هەیە.
ئەستێرە کوردەکان لە هەڵبژاردەکانی ئەوروپا و ناوچەکە:
لە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، هێرشبەری شتوتگارت دەنیز ئوندەڤ بەردەوامە لە درەوشانەوە، کە بنەماڵەکەی دەگەڕێنەوە بۆ شاری ئورفا.
لە هەڵبژاردەی تورکیاش، دوو یاریزانی بەرگری لە ئاستێکی بەرزدان، ئۆزان کاباکی بەرگریکاری هۆفنهایم و زەکی چەلیكی بەرگریکاری باڵی راست کە بۆ یانەی رۆما یاری دەکات.
لە هەڵبژاردەی ئێرانیش، گۆڵپارێزی بەناوبانگ عەلی رەزا بێرانوەند، کە خاوەن تۆماری جیهانییە لە کتێبی گینیسدا بەهۆی هاویشتنی تۆپی درێژ بە دەستەکانی، ئێستا یاری بۆ یانەی تراکتۆر سازی دەکات و یەکێکە لە دیارترین ناوی ناوچەکە.
ئەم یاریزانانە تەنها نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان ناکەن، بەڵکو بوونەتە جێگەی شانازی هەوادارانی وەرزشی لە کوردستان و جیهاندا.