ئەمریکا ڕێگەی نەدا فۆتۆگرافەری هەڵبژاردەی عێراق بچێتە ناو وڵاتەکەی

سەرچاوەیەک لە یەکێتی تۆپی پێی عێراق ئاشکرای کرد کە دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڕێگەیان نەداوە "تەڵال سەڵاح"، فۆتۆگرافەری هەڵبژاردەی عێراق بچێتە ناو خاکی ئەمریکا، ئەوەش دوای ئەوەی بۆ ماوەی 12 کاتژمێر لە فڕۆکەخانەی شیکاگۆ دەستبەسەر کرابوو.

​گەشتی هەڵبژاردەی عێراق چەند ئاڵۆزییەکی بەخۆیەوە بینیوە لە کاتی گەیشتنیان بە شیکاگۆ بۆ ئامادەکاری بەشداری لە یارییەکانی جامی جیهانی 2026، ئەمەش دوای ئەوەی "ئەیمن حسێن"، ئەستێرەی هەڵبژاردەکە، بۆ ماوەی 7 کاتژمێر لە فڕۆکەخانە دەستبەسەر کرابوو پێش ئەوەی بتوانێت پەیوەندی بە کەمپی مەشق و ڕاهێنانەکانەوە بکات.

​سەرچاوەکە وتی: "دەسەڵاتدارانی ئەمریکا ڕێگەیان نەدا فۆتۆگرافەری تایبەتی هەڵبژاردەکە بچێتە ناو وڵاتەکە دوای ئەوەی کاتی گەیشتنیان بۆ ماوەی 12 کاتژمێر لە فڕۆکەخانە دەستبەسەر کرابوو".

​هەروەها زیادی کرد: "پێشبینی دەکرێت فۆتۆگرافەرەکە بگەڕێتەوە عێراق، چونکە نەیتوانیوە بچێتە ناو ئەمریکا و پەیوەندی بە شاندەکەوە بکات لە شیکاگۆ".

​شایەنی باسە هەڵبژاردەی عێراق لە جامی جیهانیدا لە کۆمەڵەی نۆیەمدایە کە هەڵبژاردەکانی فەرەنسا، نەرویج و سەنیگالی لەخۆ گرتووە.




AM:09:40:07/06/2026