ڕۆژنامەنووسی بەناوبانگ "ڕۆمان مۆلینا" ئاشکرای کرد کە لە یاریی نێوان هەڵبژاردەکانی مەکسیک و باشووری ئەفریقا، دیاردەیەکی شەرمهێنەر ڕوویداوە کە ناوبانگی تۆپی پێی خستووەتە ژێر پرسیارەوە.
بەپێی زانیارییەکانی مۆلینا، لە کاتی پشووی خواردنەوەی ئاودا، ناوبژیوان ناچار کراوە دەستپێکردنەوەی یارییەکە دوابخات و ڕێگە بە یاریزانان نەدات بگەڕێنەوە نێو یاریگا، تەنها لەبەر ئەوەی کەناڵی ئەمریکی FOX هێشتا لە پشووی ڕیکلامدا بووە و نەیویستووە ڕووداوەکانی یارییەکە لەدەست بدات.
مۆلینا ئاماژەی بەوەش کردووە، کاتێک یاریزانان گەڕاونەتەوە نێو یاریگا و یارییەکە دەستی پێ کردووەتەوە، کەناڵەکە هێشتا بەردەوام بووە لە پەخشکردنی ڕیکلام، ئەمەش وای کردووە بەشێکی زۆری بینەران چەند ساتێکی گرنگی یارییەکە لەدەست بدەن.
لەکۆتاییدا، ئەم ڕۆژنامەنووسە جەخت لەوە دەکاتەوە کە پشووەکانی "خواردنەوەی ئاو" کە بە پاساوی پاراستنی تەندروستی یاریزانان لە کەشوهەوای گەرمدا دیاری کراون، ئێستا بوونەتە ئامرازێکی بازرگانی بۆ ئەوەی کەناڵەکان کاتی زیاتریان هەبێت بۆ پەخشکردنی ڕیکلام و کۆکردنەوەی قازانجی زیاتر، نەک پاراستنی تەندروستی یاریزانان.