پاپ تیایو وەڵامێکی توندی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی دەداتەوە: نوێژ لەسەرووی هەموو شتێکە

لە پەراوێزی چالاکییەکانی مۆندیالی 2026 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕووداوێکی سەرنجڕاکێش لە نێوان "پاپا تیایو"، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی سەنیگال و ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکی ڕوویدا، کە کاردانەوەی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە.

​بەپێی زانیارییەکان، لەو کاتەی کەشوهەوای ناوچەی "نیوجێرسی" بەهۆی با و زریانەوە ناجێگیر بوو، دەزگا ئەمنییەکان داوایان لە تیمی سەنیگال کردبوو بۆ پاراستنی سەلامەتییان لە شوێنی نیشتەجێبوونیان بمێننەوە. سەرەڕای ئەو ئاگادارییە، ڕاهێنەری سەنیگال و شاندەکە بڕیاریاندا بچنە دەرەوە بۆ ئەنجامدانی نوێژی هەینی، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکی ئەمریکییەوە پرسیاریان ئاڕاستە بکرێت دەربارەی هۆکاری پشتگوێخستنی ڕێنماییە ئەمنییەکان.



لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا، پاپا تیاو بەشێوەیەکی ڕاشکاو و توند وەڵامی دایەوە و وتی: "ئایا شتێک لە نوێژ گرنگتر هەیە؟ پێموایە ئەم پرسیارە پەیوەندی بە تۆوە نییە".

​تیاو لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەسەر باوەڕی پتەوی خۆیان کردەوە و وتی: "تۆ لە با دەترسیت، بەڵام ئێمە لە خودایەک دەترسین کە باکەی دروست کردووە. ئێمە لێرەین بۆ کێبڕکێیەکی وەرزشی، بەڵام لە یادمان نەکردووە کە ئێمە بۆ پەرستنی خودا دروستکراوین".


ڕاهێنەری سەنیگال بە شێوازێکی پڕ لە متمانە دڵنیایی دا کە تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ یاری کۆتایی مۆندیالیش بوایە، ئەوان ئامادەبوون بۆ نوێژی هەینی بچنە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر ئەوە ببایە هۆی لەدەستدانی نازناوەکەش. 


تیاو لە کۆتاییدا پەیامێکی ئاڕاستەی ئەو ڕۆژنامەنووسە کرد و پێی وت: "قسەمان بۆ مەکە لەسەر ئەو ڕێوڕەسمانەی کە هی ئایینەکەی ئێمەن".

​ئەم هەڵوێستەی پاپا تیاو لەلایەن بەشێکی زۆری بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە "ئازایانە" و "پابەندبوون بە بەهاکان" وەسف کرا، بەتایبەتی لەو کاتەی کە بەهای ئاینی و وەرزشی پێکەوە بەراورد دەکرێن.




PM:03:40:13/06/2026