فیفا دانی بە هەڵەکەیدا نا و لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەوە

یەکێتی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) لە بڕیارەکەی پاشگەز بووەوە و بڕیاریدا ڕێگە بدات پرسیار و وەڵامەکان بە زمانی ئیسپانی لە سەرجەم کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە فەرمییەکانی مۆندیالی 2026 ئەنجام بدرێن، بەبێ گوێدانە ئەوەی کام هەڵبژاردە بەشدارن. ئەمەش دوای ئەو مشتومڕە بەرفراوانە دێت کە بەهۆی ڕێگریکردن لە ڕۆژنامەنووسان و یاریزانان بۆ بەکارهێنانی زمانی ئیسپانی دروستبوو، لە کاتێکدا مۆندیالەکە لە مەکسیک و ئەمریکا بەڕێوەدەچێت و ئیسپانی یەکێکە لە زمانە هەرە باوەکان لەو دوو وڵاتەدا.

​بەپێی ڕاگەیەندراوی فیفا، "زمانی ئیسپانی لە کۆتایی ئەم هەفتەیەوە دەبێتە یەکێک لە بژاردەکانی وەرگێڕان بۆ ڕۆژنامەنووسانی باوەڕپێکراو لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە فەرمییەکاندا". ئەم بڕیارە دوای چەند ڕووداوێک دێت کە بووە مایەی سەرسوڕمانی ڕۆژنامەنووسان و هاندەران، دیارترینیان کاتێک بوو کە ڤینیسیۆس هانی ڕۆژنامەنووسێکی ئیسپانی دا بە ئیسپانی پرسیار بکات، بەڵام بەرپرسێکی فیفا قسەکانی بڕی و ڕوونیکردەوە کە ئیسپانی "لە سیستەمی وەرگێڕانی ئەو کۆنگرەیەدا نییە".

​هەروەها ئەشرەف حەکیمی، بەرگریکاری مەغریبی کە لە مەدرید لەدایکبووە، ڕووبەڕووی دۆخێکی هاوشێوە بووەوە کاتێک ئامادەبوو بە ئیسپانی وەڵام بداتەوە، بەڵام ڕێکخەران پێیان ڕاگەیاند کە دەبێت یەکێک لە زمانە فەرمییەکان بەکاربهێنێت. هەمان ڕووداو بۆ فرێنکی دی یۆنگیش دووبارە بووەوە کاتێک ڕۆژنامەنووسێکی مەکسیکی هەوڵیدا بە ئیسپانی قسەی لەگەڵ بکات، بەڵام فیفا ڕێگری لە گفتوگۆکە کرد، هەرچەندە یاریزانەکەی بەرشەلۆنە ئامادەیی خۆی دەربڕیبوو بەو زمانە وەڵام بداتەوە.

​ئەم دیمەنانە بەرفراوان بڵاوبوونەوە و بوونە هۆی ڕەخنەی توند، چونکە زۆرێک لە ڕۆژنامەنووسان نەدەگەیشتنە هۆکاری ئەوەی بۆچی زمانی ئیسپانی لە هەندێک کۆنگرەی ڕۆژنامەوانی لە مۆندیالی مەکسیک و ئەمریکادا قەدەغە کراوە. 


فیفا جەختی کردەوە کە هیچ قەدەغەکردنێک بۆ زمانی ئیسپانی نەبووە، بەڵام کێشەکە لەو یارییانەدا بووە کە ئیسپانی زمانی فەرمی هیچ کام لە دوو تیپەکە نەبووە.






PM:05:32:15/06/2026