تۆماس تۆخێل، ڕاهێنەری بە ئەزموون، ڕەخنەیەکی توندی ئاراستەی ڕێکخەرانی فیفا و تیمەکانی وێنەگرتن کرد، دوای ئەوەی لە کاتی بەڕێوەچوونی سروودی نیشتمانیدا ڕێگری لێکراوە تیمەکەی ببینێت.
تۆخێل لە لێدوانێکدا دوای یارییەکەی ئینگلتەراو کرواتیا بە نیگەرانییەوە وتی: "من تکا لە فیفا دەکەم کە شوێنی وێنەگرەکان لە کاتی سروودی نیشتمانیدا بگۆڕن، چونکە نەمتوانی بە ئاسایی تیمەکەم ببینم."
ئەو ڕاهێنەرە زیاتر ڕوونی کردەوە کە ئەو ساتە لای ئەو زۆر تایبەتە و وتی: "من بە پەرۆشەوە چاوەڕێی ئەم ساتەم دەکردم، ساتێکی زۆر تایبەتە، کەچی کاتێک سەیری بەردەم خۆم کرد، خۆم لەبەردەم دیوارێک لە 50 وێنەگردا بینییەوە."
لە کۆتاییدا تۆخێل بە ئاماژەدان بەوەی کە ئەو دیمەنە کاریگەری لەسەر هەست و سۆزی ئەو هەبووە، وتی: "نەمتوانی هیچ یاریزانێکی خۆم ببینم، ئەمەش ئەزموونەکەمم بەتەواوی لێ تێکدا."
ئەم لێدوانەی تۆخێل دەنگدانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دروستکردووە، لە کاتێکدا مشتومڕێکی بەردەوام هەیە لەسەر سنووری ئازادی وێنەگرتن و دەستێوەردانیان لە ساتی هەستیاری یاریزانان و ڕاهێنەران لە نێو یاریگادا.