دێشامپ بە یاریزانانی فەرەنسا: بەراورد بە ئاستی عێراق بە هەڵەدا مەچن!

​سەرچاوە: میدیاکانی فەرەنسا

​لە میانەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردەی فەرەنسا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی عێراق لە جامی جیهانی 2026، دیدێ دێشامپی ڕاهێنەری "کەڵەشێرەکان" لە وتارێکی توند و هۆشیارکەرەوەدا لە ژووری جلگۆڕین، داوای لە یاریزانەکانی کرد بە هیچ شێوەیەک بە کەم سەیرکردنی هەڵبژاردەی عێراق نەکەون.

​دێشامپ لە پەیامەکەیدا بۆ یاریزانەکانی وتی: "وا مەزانن عێراق تیپێکی لاوازن، چونکە بە هیچ شێوەیەک وانین. بۆ ئەوەی بە ووردی لە ئاستیان تێبگەن، با چەند نموونەیەکی واقییتان بۆ باس بکەم".

​ڕاهێنەرەکەی فەرەنسا ئاماژەی بە ئاستە بەرزەکانی عێراق دا و وتی: "عێراق لە مەکسیک بە ئەنجامی 2-1 لە هەڵبژاردەی بەهێزی بۆلیڤیای بردەوە، هەروەها لە یارییەکی دۆستانەدا توانییان بەرامبەر ئیسپانیا ڕاگرن. لە یەکەم یارییشیان لە جامی جیهانی بەرامبەر نەرویج، تا خولەکی 75 ئەنجامەکە 2-1 بوو، پێش ئەوەی لە کۆتاییەکاندا بەهۆی ماندوێتییەوە دوو گۆڵیان لێ بکرێت".

​دێشامپ هۆشداری ئەوەی دا کە بە ناوبانگی فەرەنسا یارییەکان یەکلایی نابنەوە: "نامەوێت کەس وا بیر بکاتەوە ئەرکەکە ئاسانە تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە فەرەنسین. تیپی گەورەی تریش تووشی هەمان هەڵە بوون و باجی قورسیان دا، نامەوێت ئێمەش بکەوینە هەمان هەڵەوە".

​سەبارەت بە شێوازی یارییکردنی عێراقیش، دێشامپ وتی: "عێراق تیپێکی رێکخراوە، شتە سادەکان بە نایابی جێبەجێ دەکەن. ئەوان بە شێوازی 4-4-2 یاری دەکەن، خاوەنی یاریزانی خاوەن کوالێتی هونەری باشن، شێوازی یارییکردنیان روون و لۆژیکییە و خاڵی بەهێزیان ئەوەیە کە هەمیشە کاردانەوەیان هەیە".

​لە کۆتاییدا دێشامپ جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە یاریزانەکانی لە ماوەی 3 رۆژی داهاتوودا بە تەواوی ئامادەبن و بە تەزکیەی خۆیان نەچنە نێو یاریگاوە.




PM:03:04:20/06/2026