یاریزانێکی عێراق لە دۆخێکی دەروونی سەختدایە

​بەپێی زانیارییە تایبەتەکانی "WinWin العراق"، یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق، زید تەحسین، بەهۆی ئەو هەڵەیەی لە یاری ڕابردوودا دژی فەرەنسا ئەنجامیدا، تووشی دۆخێکی دەروونیی نەرێنیی زۆر بووە.

​سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە زید هەست دەکات هۆکاری سەرەکیی شکستەکەی تیپەکەی بووە، بەڵام هاوکارەکانی، ئەیمن حوسێن و جەلال حەسەن، دەستبەجێ بە هانایەوە چوون و دڵنەواییان داوەتێ. ئەوان پێیان ڕاگەیاندووە کە "هەڵە لە تۆپی پێدا شتێکی سروشتییە و گەورەکردنی ئەم بابەتە هیچ سوودێکی نییە"، جەختیشیان کردووەتەوە کە ئەوەی ڕوویداوە لەوانەیە بەسەر هەر یاریزانێکدا بێت.

​زید تەحسین ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق، گراهام ئارنۆڵد، کردووە و داوای لێبوردنی کردووە بەهۆی ئەوەی نەیتوانیوە ئەو هەڵەیە ڕابگرێت. لە بەرامبەردا، ئارنۆڵد بە گەرمی لێبوردنەکەی قبوڵ کردووە و پێی ڕاگەیاندووە کە یەکێکە لە گرنگترین یاریزانەکانی "شێری رافیدەین" و ناتوانن دەستبەرداری ببن، چونکە بەشێکی سەرەکییە لە پلانەکانی بۆ داهاتوو.

​لە ئێستادا، زید تەحسین بەشداری لە چەند دانیشتنێکی دەروونیی تایبەت دەکات کە لەلایەن گراهام ئارنۆڵد و ستافی یارمەتیدەرییەوە بۆی ڕێکخراوە، ئەمەش بە ئامانجی ئامادەکردنی تەواوی یاریزانەکە لە ڕووی هونەری و دەروونییەوە بۆ یارییە یەکلاکەرەوەکەی داهاتوو بەرامبەر هەڵبژاردەی سەنیگال.




PM:01:35:24/06/2026